مه‌سرور بارزانى له‌ ديدارى ميرى: له‌ چاكسازیكردن سه‌ركه‌وتوو بووین و توانیمان دۆخی هه‌رێمی كوردستانیش باشتر بكه‌ین

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكرده‌وه‌، له‌ چاكسازیكردن سه‌ركه‌وتوو بووین و توانیمان له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ئالنگارییانه‌ی له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی ده‌سه‌ڵاتی كابینه‌ی نۆیه‌م هاتنه‌ ئاراوه‌، دۆخی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و باشتر ببه‌ین.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م گوتانه‌ی له‌ وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێك هاتوون، كه‌ له‌ دیداری میری ئاراسته‌ی كران، كه‌ له‌ شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو و له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی ته‌مه‌نیدا، گوتی: كاتێك ئێمه‌ ئه‌ركی ئه‌و كابینه‌یه‌مان له‌ئه‌ستۆ گرت، رامانگه‌یاند كه‌ چاكسازی ده‌كه‌ین، كاتێكیش ئۆفیسم وه‌رگرت، رووبه‌ڕووی چه‌ندین ئالنگاری بووینه‌وه‌، له‌وانه‌ش: بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا و دابه‌زینی نرخی نه‌وت و داكه‌وتنی كه‌رتی بازرگانی و بزنس، وێڕای بوونی چه‌ندین كێشه‌ی ئه‌منی له‌ ناوچه‌كه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو گرفتانه‌ش، ئێمه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانمان بۆ چاكسازیكردن به‌رده‌وام بووین، هه‌رچه‌ند كارێكی ئاسان نه‌بوو.

کاتژمێر 4:30ی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە دوا پانێڵی دیداری ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (MERI – مێری) کرد و تێیدا چەند پرسێک لەبارەی ڕوانگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوو بە ئایندە و ستراتیژ و بەربەستەکان دەخاتە روو.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دوا پانێلی دیداری ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (MERI – مێری) بە ناونیشانی (حكوومەتی هەرێم ڕوو بەرەو ئاییندە: ستراتیژەكان، بەربەست و دەرفەتەكان) بەشداریی کردووە و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.

مەسرور بارزانی سەرەتا گوتی: “لەبارەی ئەوەی كردوومانە لە ڕابردوو، دەمەوێ بتانگەڕێنمەوە بۆ ئەو كاتەی كە دەستمان پێكرد، كە ئەم كابینەیەمان دەست پێكرد، گوتمان چاكسازی دەكەین و دەچینە پێشەوە. بە داخەوە پاش ئەوەی ئۆفیسەكەم وەرگرت، ڕووبەرووی چەندین ئاڵنگاری بووینەوە، كۆڤید 19 پەیدا بوو و نرخی نەوت دابەزی و بابەتی ئاسایش و كێشەی ئەمنیش لە ناوچەكە هەبوو، سەرەڕای ئەوەش هەوڵماندا چاكسازی بكەین و بەسەر كێشەكان زاڵ بین. بە دلنیاییەوە توانیمان سەركەوتوو بین و دۆخەكەش لە هەرێمی كوردستان باشتر بكەین”.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: “سەرەتا كۆڤید ١٩ و قەرزێكی زۆریشمان لەسەر بوو، چەندان قەیران هەبوو، لە سەروویانەوە بڕینی بودجەی كوردستان، جارێكیتر لە ٢٠١٤ تا ٢٠١٧ حكوومەتی فیدڕالی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی نەدەدا و بودجەی بڕیبوو، شەڕ هەبوو ئەویش تێچووی هەبوو، دوو ملیۆن ئاوارە روویان لە هەرێمی كوردستان كرد و كێشەی ئابووری هەبوو”.

مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند: “لە ٢٠٢٠ شەش مانگی مووچەی فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەدرا. بەغدا دواتر ٣٨٣ ملیۆن دۆلاری دا وەك بەشێك لە مووچە، بەڵام شەش مانگ ئەو پارەیەی نەدا. ئەگەر لێكی بدەیتەوە ئەوە دەبێتە ٢ ملیار و ٢٩٨ ملیۆن دۆلار”.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد: “حكوومەتی عێراق قەرزاری فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە، بەڵام ئێمە چاكسازیمان كرد بە بڕینی خەرجیی زیادە و دابینكردنی داهاتی زیاتر. راستە نەمانتوانیوە هەموو مانگێك پارەی تەواو بدەین، بەڵام توانیومانە هەموو مانگێك مووچەیەك بدەین. داوامان كردووە لە وەبەرهێنەران پرۆژە بكەن و كردیان، ئەمە هاوكارێكی باش بوو. لە كۆتاییدا توانیمان پرۆژەی زۆر باشیش بكەین، بە تایبەتیش لە بواری ئاسایشی خۆراك بكەین. ئێمە توانیمان بەسەر ئاڵنگارییەكان سەربكەوین و كاری باش ئەنجام بدەین”.

مه‌سرور بارزانى، لە درێژەی ئەم باسەدا ڕاشیگەیاند: “چەندین كەرت هەبووە كە بتوانین بیانكەینە كەرتی تایبەت، هەروەها یاسایەكی تایبەت بە (پی پی پی) كە هاوبەشیكردنی كەرتی تایبەت و گشتییە. ژمارەی پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبامان زیاد كرد و تێچووەكەمان كەم كردەوە”.

ئەمرۆ باسی كارەبا و زیادكردنی كاتژمێرەكانی پیدانی كارەبامان كرد. ئێستا گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەكەین كە كارەبا بە كەرتی تایبەت بدەین.

پرۆژەكانی خۆراك لە توانایاندایە یەك ملیار و ٢٠٠ هەزار تەن گەنم وەربگرێت، ئەمە كەرتی تایبەتە، جگە لەوەی حكوومەتیش پرۆژەی خۆی هەیە كە دەتوانێت بەرهەمەكان وەربگرێت. ئێمە لە گفتوگۆین لەگەڵ وڵاتان و ئەورووپا، دەمانەوێ بازاڕێك بۆ بەرهەمەكانی كوردستان بدۆزینەوە و خۆشحاڵم كە لە هەندێك ڕووەوە سەركەوتوو بووە.

پارەمان بۆ ١٤٧ پرۆژە تەرخان كردووە كە تێكرا دەكاتە ٨ ملیار و ٧٤٨ ملیۆن دۆلار بۆ كەرتەكانی بازرگانی و كشتوكاڵ و پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزارییەكان و هونەریش دەگرێتەوە. ئەمانە ئەو پرۆژانەن كە حكوومەت بودجەی بۆ تەرخان كردوون و زۆربەیان جێبەجێ كراون.

ئێمە مۆڵەتمان بە ٧١٤ پرۆژە داوە كە ٩٦٩ ملیار دۆلار گوژمەكەیانە و لە هەموو ناوچەكانی كوردستان جێبەجێ دەكرێن. ئەمانە بوارە جۆراوجۆرەكان دەگرنەوە بە دروستكردنی بەنداویشەوە.

مەسرور بارزانی لەبارەی بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستانەوە ڕاشیگەیاند: “پێش ئەم كابینەیە تەنیا ٢٥ هەزار تەن گەنمەشامی بەرهەم دەهات، بە چاكسازییەكان و پرۆژەكان كە جێبەجێمان كردووە، هەرێمی كوردستان توانای بەرهەمهێنانی ٤٠٠ هەزار تەن گەنمەشامی هەیە كە ئەمە جێی دڵخۆشیی هەموانە و دەرئەنجامی هاندانی جووتیارانە تاوەكوو نەترسن لەوەی بەرهەمەكانیان چیان لێ دێت”.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی وکردستان لەمەڕ پرسی گەندەڵی ڕایگەیاند: “ئێمە یاسایەكمان هەیە بۆ رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی، باوەڕم بەوەیە كە گەندەڵیمان بە ڕێژەیەكی بەرچاو كەمكردۆتەوە. ناتوانم بڵێم بە تەواوی بنبڕمان كردۆتەوە، بەڵام خەڵكێك هەیە كە رێگری لە چاكسازی دەكەن و نایانەوێ وەك ئەوەی هەیە جێبەجێ بكرێت، من دەڵێم دەتوانین گەندەڵی كەم بكەینەوە. هەندێك كەیسی دیاریكراو هەن و دراونەتە دادگاش”.

لەم كابینەیەدا بەرهەمی غاز زیادی كردووە، پلان هەیە كە زۆر كێڵگەی غازی سرووشتیی خۆمان بەكار بهێنین. خواستی من ئەوەیە كە پترۆ كیمیاویش گرنگی پێ بدەین و سەرچاوە سرووشتییەكانی دیكەش بخەینە پرۆسەوە كە زۆر گرنگن بۆ خەڵكی كوردستان.

پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ توركیا هەیە كە هاوكار بووە لە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان. ئێمە ئامادەین بۆ دانوستان لەگەڵ هەر كەس پێی خۆش بێت كە غازی هەرێمی كوردستان بكڕێت.

لە دەستووردا دیاریكراوە ئەگەر لێكدانەوەیەكی تەواوی بۆ بكرێت، دەردەكەوێ كە ئێمە بەپێی یاسا و دەستوور كار دەكەین.

لەبارەی داعشەوە، داعش هەڕەشەیەكی سەرەكییە بۆ ئاسایشی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهانیش. بە تەواوی تێكنەشكاوە، راستە خاكی بەدەستەوە نەماوە بەڵام هێشتا ماون و دەتوانن خۆیان رێك بخەنەوە و لە دزی هێزەكانی عێراق و پێشمەرگە ئۆپەراسیۆن بكەن. داعش لێكەوتە و بەرهەمهاتووی كێشەی دیكە بوو، كاتێك تیرۆریزم هەیە، دەبێ بزانی كە چ كێشەیەك بۆتە هۆی سەرهەلدانی تیرۆر. نادادپەروەری و گەندەڵی و هۆكاری دیكە بووە هۆی دەركەوتنی تیرۆر، بۆ لە ناوبردنی تیرۆر راستە دەبێ هێزە ئەمنییەكان ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن، بەڵام دەبێ بزانین رەگ و ڕیشەی دروستبوونی تیرۆر لە چی هاتووە، ئەگەر باسی عێراق بكەین، دەبێ هەموومان بزانین چۆن بتوانین نادادپەروەری و نایەكسانی لە عیراق نەهێڵین و ژینگەیەك دروست بكەین كە خەڵك هەست بە نائارامی بكەن و بچن بیر لە بەدیلێك بكەنەوە بۆ ئەوەی تۆڵە لە حكوومەت بكەنەوە.

دەبێ چاومان لە هۆكاری سەرهەڵدانی تیرۆر بێ و ڕووبەڕووی ببینەوە تاوەكوو خەڵكی چیتر بۆ پاراستنی خۆیان، هەماهەنگی لەگەڵ تیرۆریستان نەكات.

دەبێ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حكوومەتی فیدرال و هەموومان هاوكار بین بۆ نەهێشتنی ئەم كێشەیە. لەم رووەوە ئێمە چەندین بیرۆكەمان بە بەغدا داوە، هەندێك هەنگاو هەیە بۆ نەهێشتنی كەلێنەكان لە ناوچە كێشە لەسەرەكان، نەبوونی هیزەكانی فیدرالی و پێشمەرگە لەبەر هۆكاری سیاسی بووە، دەبێ ئەو كەلێنانە پڕ بكرێنەوە. لە ئەنجامدا بڕیارمان داوە دوو لیوای هاوبەش دروست بكەین تاوەكوو ئەو ناوچانە بپارێزن كە ئێستاش ئەم پرۆسەیە بەڕێوە دەچێت.

ئێمە هەموو كات ویستوومانە هۆكارێك بین بۆ سەقامگیری و بەشێك بین لە چارەسەر، ئەگەر گرژی هەبێ لە نێوان ئەمریكا و ئێران، دەمانەوێ لەو كێشانە دوور بین، دەبێ ئەوانیش رێز لە سەروەریی عێراق و ناوچەكە و خەڵكیش بگیرێت، بە دلنیاییەوە دەبێ ڕێز لە هەرێمی كوردستانیش بگیرێت. ئەوانەی لە دەرەوەی یاسا كار بكەن، دەمانەوێ حكوومەتی عێراق بە بەرپرسیاریان بزانێت.

گفتوگۆی ستراتیژیی ئەمریكا و عێراق بەڕێوە چوو، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشێك بوو لەم گفتوگۆیە، ئێمە پێزانینمان هەیە بۆ هاوكارییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانانیش، دەمانەوێ ئەو پەیوەندییە باشانە لەگەڵ ئەمریكا و هەموو هاوپەیمانان بەردەوام بێت. هێشتا هەڕەشەی داعش ماوە و مانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لێرە زۆر گرنگە و دەبێ قسەی لەسەر بكرێ لە چوارچێوەی گفتوگۆی ستراتیژیی ئەمریكا و عێراق. پێمانوایە كە عێراق پێویستی بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی هەیە بە تایبەتیش ئەمریكا كە هاوكارییەكانیان كاریگەر بوون.

لەبارەی ئێران، ئەو وڵاتە دراوسێیە و وەك هەموو دراوسێكانیتر دەمانەوێ پەیوەندیمان لەسەر بەرژەوەندی و دراوسێیەتی باش هەبێت. پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەمریكا لەسەر حیسابی ئێران نییە و دەمانەوێ لەگەڵ ئەمریكا و ئێرانیش پەیوەندییەكی باشمان هەبێت.

لە بواری یەكخستنەوەی پێشمەرگە كاری باش كراوە و چاكسازییەكان بە باشی بەڕێوە دەچێت. لە دوو ساڵی رابردوو بەرەوپێشچوونی باش هەبووە و هەندێك یەكە یەكیانگرتۆتەوە، یەكەكانی حەفتا و هەشتا رازی بوون لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە ڕێك بخرێنەوە. بودجەكانیان خراوەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

بەرەوپێشچوونی باش هەیە بۆ ئەوەی هەموو هێزەكان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە رێك بخرێنەوە.

ناكۆكییەكانی سلێمانی لە نێو حزبێكی دیاریكراو بوو، وەكوو حكوومەت دەمانەوێ دوور لەو بابەتە راوەستین. كابینەیەكی گشتگیرمان هەیە لە یەكێتی و پارتی و گۆڕان و لایەنەكانیتر. دەمانەوێ وەك حكوومەت كار بكەین.

هەڵبژاردن بریاردانی خەڵكە، خەڵكی سەیری ئەدای لایەنەكان دەكەن. خۆشحاڵم كە پارتی بردیەوە و خەڵكی خەڵاتی پارتی كرد، چونكە پارتی هەمیشە لە ریزی پێشەوە بووە و پرۆژەكانی پێشكەش كردووە، سەرۆكی حكوومەت لە پارتییە و هەندێك پرەنسیپی دیكە هەبوون كە پارتی سازشی لێ نەكردوون، خەڵكی پاداشتی پارتی كردووە لەم ڕووەوە. كوردستانیش بۆتە ناوچەیەكی ئارام بۆ هەموو ئەوانەی لە ناوچەكانیان هەڵاتوون و هاتوونەتە هەرێمی كوردستان.

ئەم پاداشتكردنە بۆ پارتی گرنگە، هێنانی ئەو هەموو دەنگە كە پارتی هێناویەتی گرنگە و پارتی وەك لایەنێكی براوەیە، دواتر خۆمان دیاریدەكەین كە چ پۆستێك وەردەگرین.

 

پەیوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا فرە ڕەهەندن، پەیوەندییەكی زۆر فراوانمان هەیە، لە ڕووی بازرگانی و ئێمە دراوسێین و نیگەرانیی ئەمنیشمان هەیە پێكەوە، ئەم پەیوەندییە بۆ هەردوولا بەسوود بووە. بوونی پەكەكە لە ناوچەكانی ئێمە بابەتێكی هەستیارە كە سەروەریی عێراق پێشێل كراوە، لایەنێكی ئەمنی هاتووە كە نەدەبوو بێت. پەكەكە وەكوو پەنابەر نەهاتۆتە ئێرە، وەكوو بەدیلی دامەزراوە دەستوورییەكان خۆیان نیشان دەدەن كە خەڵكی هەڵیبژاردوون. پەكەكە ڕێگە دەگرێ لەوەی خەڵكی بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان. ئەمە كێشەیەكی ئەمنی و ئابووریشە. بەهۆی بوونی پەكەكە ٨٠٠ گوند تا ئێستا بە چۆڵكراوی ماونەتەوە و نەمانتوانیوە خزمەتگوزارییەكانیان پێ بگەیەنین. هەبوونی پەكەكە لەو ناوچانە هۆكارێك بووە بۆ راكێشانی توركیا. ئەگەر پەكەكە لەو ناوچانە نەبوایە زۆر ئەستەم بوو بۆ ئەوەی توركیا پاساوێك بدۆزێتەوە و بێتە ئەو ناوچانە. پەكەكە هەموو كارێكی لە بەرژەوەندیی توركیا كردووە، ئێمە نامانەوێ باجی ئەو ململانێیە بدەین، خەڵكی ئێمە باجەكەی دەدەن.

 

كاتێك باسی بابەتی ناوخۆیی توركیا دەكەین، شتێكە دەبێ رێزی لێ بگرین، دەستێوەردان لە بابەتی ناوخۆیی هیچ وڵاتێك ناكەین، وەك ناشمانەوێت خەڵكیتر دەستیوەردان لە بابەتی ناوخۆییمان بكەن. ئێمە دەستێوەردان ناكەین مەگەر بانگهێشت بكرێین. پێمان باشە هەموان بە ئاشتی بژین.

ئێمە ڕێككەوتنمان لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی لە بەغدا هەیە كە پێی دەڵێن رێككەوتنی شنگال، بەپێی ڕێككەوتنەكە دەبێ هێزە نایاساییەكان ناوچەكە بۆ سوپای عێراق جێبهێڵن. دەبێ كوردستان و عێراق رێگە بدەن ئاسایشی ناوچەكە بۆ خەڵكی خۆجێیی جێبهێڵن. پێشمەرگە و سوپای عێراق ئاسایشی دەرەوەی ناوچەكە بپارێزن. بەداخەوە ڕێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراوە. دەكرا ئەمە دەروازەیەك بێت بۆ ناوچەكانی دیكەش.

 

پەكەكە و هەندێك هێزی نزیك لە پەكەكە ناوچەكەیان كۆنتڕۆڵ كردووە و هەندێك هێزی لەیاسادەرچووش هەن كە پاڵپشتی لێ دەكەن. پەكەكە هیچ رێگەیەكی نییە بچێتە شنگال مەگەر لە سووریاوە بێن. پەكەكە بۆچی لە شنگالن؟ دەبێ پەكەكە بچنە دەرەوە. كاندیدەكانیش رێگرییان لێكرا بچنەوە لە شنگال بانگەشەی هەڵبژاردن بكەن. پەكەكە ڕێگری لێ كردن. لایەنێكی نایاسایی رێگری دەكات لە خەڵك و كاندیدی شەرعیی یاسایی ناوچەكە بۆ بانگەشە كردن، ئەمە مانای زۆرە. هانی حكوومەتی عێراق دەدەین بە كردار تەنیا لایەنە دەستووری و یاساییەكان لە شنگال بن و رێككەوتنی شنگالیش بە زوویی جێبەجێ بكرێت.

 

زۆر پاڵپشتی ئازادیی راگەیاندن و رادەربڕین دەكەین و حكوومەت هیچ ئاستەنگێك دروست ناكات، بەڵام هەندێك لایەن ئەمە بەكار دەهێنن بۆ هێرشكردنە سەر حكوومەت. ئێمە دادگامان هەیە و دادگا بڕیاری داوە كە چارەنووسی ئەو كەسانەی ئەم كارە دەكەن چۆن بێت. ئێمە ئینكاری ناكەین كە كەموكوری هەیە، داوامان كردووە هەموان هاوكاریمان بكەن. بە تەواوی متمانەوە دەڵێم ئەم حكوومەتە زۆر پشتیوانی لە ئازادیی رادەربڕین دەكات. هەندێك تۆمەت پێویستییان بە لێكۆڵینەوەی یاسایی هەیە. هەندێك لایەنی ئۆپۆزسیۆن یان نەیار دەیانەوێ پاساوێك بدۆزنەوە بۆ هێرشكردنە سەر حكوومەت.

ئێمە ڕێزێكی زۆرمان بۆ مافەكانی مرۆڤ هەیە و هەموو كات پشتیوانی مافەكانی مرۆڤمان كردووە. ئەگەر سەیری هەموو چالاكوانان و رۆژنامەنووسان بكەیت، دەبینین لە بەشەكانی دیكەی ناوچەكەوە دێنە هەرێمی كوردستان و لێرە هەست بە ئاسایش و ئازادی دەكەن.

من پێموانییە كەسێكی هەستیار بم، دەبێ ئەو بەڕێزانە پێم بڵێن، من كەسێكی جددی و پابەندم بە پرەنسیپەكان. كەسێكی راشكاوم و ئەوەی مەبەستمە دەیڵێم، دەمەوێ زۆر بە جددی كار لەسەر ئەو ئەركە بكەم كە پێم سپێردراوم. هیچ كاتێك لە ڕووبەڕووبوونەوەكان نەترساوم.

 

 

Back to top button