بەڕێوەبەری پێشووی ئاسایشی سلێمانیش ژەهرخوارد كرا

به‌رێوه‌به‌رى پێشووى ئاسايشى سلێمانى ژەهرخوارد کراوە و پشکنینە پزیشکییەکانیش راستی ژەهرخواردکردنەکەیان یەکلایی کردووەتەوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە حەسەن نووری، ناسراو بە وەستا حەسەن، بەڕێوەبەری پێشووی ئاسایشی سلێمانی رايگەیاند، لە ماوەی رابردوودا چەند نیشانەیەک لە تەندروستیی وەستا حەسەن، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی و بەڕێوەبەری پێشووی ئاسایشی سلێمانی دەرکەوت.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، وەستا حەسەن بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنین لە رۆژی 1-10-2021 سەردانی ئەڵمانیای کردووە و لەوێ پشکنینەکانی بۆ کراوە و دەرکەوتووە ژەهرخوارد کراوە.
وەستا حەسەن رۆژی 9-10-2021 گەڕاوەتەوە کوردستان و تەندروستیی جێگیرە، ژەهرەکە بە رێژەیەکی کەم لە لەشیدا ماوەتەوە، بەڵام بەڵگە پزیشکییەکانی لەبەردەستدایە و ئەنجامی پشکنینەکان ژەهرخواردکردنەکەی یەکلایی کردووەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە كه‌ بۆ رووداو قسه‌ى كردووه‌ ئاشکراشی کردووه‌: “پێشتریش لەو کاتەی کە بەڕێوەبەری ئاسایش بووە، پیلانێک هەبووە بۆ ژەهرخواردکردنی وەستا حەسەن، بەڵام کەسەکان دەستگیرکران و ئێستا لە زیندانن، کە بە پیلانی وڵاتێک دەیانەوێت ئەو کارە بکەن. ئەمجارە ژەهرخواردنەکەی پشتڕاستکراوەتەوە، بەڵام سەرچاوەکەی دیار نییە”.
تا ئێستا جگە لە وەستا حەسەنى به‌رێوه‌به‌رى پێشووى ئاسايشى سلێمانى، چەندان سەركردەی باڵای یەكێتی، لە نێویاندا بافڵ تاڵەبانی و مەلا بەختیار و عەتا سەراوی، هەروەها تەیمووری ئەنفال كە كەسێكی نزیكی ماڵی مام جەلالە، ژەهرخواردكردنیان پشتڕاست كراوەتەوە و بافڵ تاڵەبانیش بە فەرمی لاهوور جەنگی لەمبارەیەوە تۆمەتبار كردووە.
Back to top button