وه‌زيرى خوێندنى باڵا: بە دڵنیاییەوە چارەسەرێک بۆ ئەوانە دەدۆزینەوە کە 99یان هەیە و وەرنەگیروان

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ناڕەزایی بەشێک لەو قوتابییانەی نمرەی 99یان هێناوە و لە پزیشکیی گشتیی وەرنەگیراون گوتی “بە دڵنیاییەوە چارەسەرێک بۆ ئەوانە دەدۆزینەوە کە 99یان هەیە و وەرنەگیروان.” 
ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌، 28-10-2021، د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند ” تەنیا ئەوانە وەرنەگیراون کە 99یان هەیە و ژمارەیان زۆر نییە و تەنیا 50 بۆ 60 کەسە، لە دهۆکیش هیچ کێشەمان نییە و لەوێ خوێندکار هەیە بە 98 وەرگیراوە.”
وەزیری خوێندنی باڵا راشیگەیاند، “ئەو گلەییەی بەشێک لە قوتابیان کردوویانە و 99یان هەیە و وەرنەگیراون رەوایەتی بە داواکانییان دەبینین و لەگەڵ برایانی وەزارەت پێشتر قسەمان کردووە کە پلانەکان زیاتر فراوان بکەین.”
د. ئارام محەممەد دڵنیایی دەداتە ئەو قوتابییانەی کە 99یان هەیە و لە پزیشکی گشتیی وەرنەگیراون و گوتى، “ئەوانەی بێبەش بوون لە کورسی خوێندن دڵنیایان دەکەینەوە کە بە چاوی باوکانە سەیری داواکارییەکانیان دەکەین و ئەوانەی 99یان هەیە بتوانین چارەسەریان بکەین.”
وەزیری خوێندنی باڵا هه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانيه‌كه‌يدا دەڵێت ” سیستمی خوێندن لە هەرێمی کوردستان ئەگەر چارەسەر نەکرێت لەبەردەم کارەسات دایە. بۆیە لە ماوەی رابردوودا گوتم کە پێویستمان بە سەربەخۆیی زیاتری زانکۆکان هەیە.” داواش دەکات کە هاوکاری وەزارەت بن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە.
Back to top button