سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە کونسولى هەنگاریا کرد
پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە 28/10/2021 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە بەڕێز ئاتیلا تۆس کونسولى گشتیى هەنگاریا لە هەرێمى کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى پیرۆزبایى و هیواى سەرکەوتن و پشتگیریى بۆ بەڕێزیان، سوپاس و پێزانینى بۆ هەنگاریا دەربڕى بۆ پشتگیریکردنى لە هەرێمى کوردستان و عیراق لە چوارچێوەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى داعشدا، هەروەها بۆ هاوکاریی مرۆیى کە پێشکەش بە ئاوارە و پەناپەرانیان کردووە، خواستى هەرێمى کوردستانیشى بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان دووپات کردەوە.
لاى خۆیەوە بەڕێز کونسولى گشتیى هەنگاریا خۆشحاڵیى خۆى بە دەستبەکاربوونى نیشان دا و جەختى لەوە کردەوە کە وڵاتەکەى پابەندە بە برەودان بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان بەتایبەتى لە بوارى ئابووریدا، بۆ ئەم مەبەستەش بە دواى دەرفەتى زیاترى هاریکارى و هاوبەشیدا دەگەڕێن.
هەڵبژاردنەکانى عیراق، پێشبینییەکان بۆ داهاتووى پرۆسەى سیاسى و دامەزراندنى حکوومەتى عیراق و شەڕى دژى تیرۆر، تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوون.