حكوومهتی ههرێمی كوردستان: هێزی پێشمەرگە سەلماندویەتی کە لە ھەر جێگایەکدا بێت داعش ناتوانێت تێیدا بمێنێتەوە
حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرشی شەوی رابردووی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدراوە کە پێویستە هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەردەوام بێت.
د جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمرۆ یەکشەممە 31/10/2021، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رايگهياندووه: “شەوی ڕابردوو تیرۆرستانی داعش لە ناوچەى زوڕگەزراو لە سنووری میحوەری کەرکووک، هێرشێکی ترسنۆکانەیان کردە سەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە داخەوە دوو پێشمەرگەی قارەمان بە ناوەکانی خالید حەمید هەیاس و ئاکۆ کەریم قادر شەهید بوون”.
له راگهيێندراوهكه ههروهها هاتووه: “لێرەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی هەردوو شەهید دەکەین و لە خوای مەزن داواکارین سەبووریان بدات”.
جووتيار عادل ئاماژە بەوەش داوه: “هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەلماندویەتی تاکە هێزی متمانە پێکراو و پارێزەری دانیشتوانی ئەم ناوچانەیە و ئەو ھێزەیە کە لە ھەر جێگایەکدا بێت ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش ناتوانێت تێیدا بمێنێتەوە، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لە گرنگی و پێویستی زیاتری هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش”.
لە کۆتایی پەیامەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە: “هێرشە بەردەوامەکانی تیرۆرستانی داعش لەو ناوچانەش دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە هێشتا ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە ھەڕەشەیە لەسەر تەواوی عێراق و پێویستە هەموولایەکمان کار بکەین بۆ ڕیشەکێش کردن و کۆتاییهێنان بەو هەڕەشەیە”.