سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە 1 ی نۆڤێمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی باڵای باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق بە سەرۆکایەتی گریگۆری لۆجێرفۆ جێگری باڵیۆز کرد.
لە دیدارەکەدا کە ڕۆبەرت پالەدینۆ کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی گشتیی عێراق دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کرا.
چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گرنگیی بەردەوامبوونی پشتیوانیی و هاوکاریکردنی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و برەودان بە وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.