لێدوانی نوێی وەزیری پەروەردە لەبارەی کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ و بەدەمەوەچوونی داواکارییەکانیان بەبەردەوامی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی لەسەر خەتبوون و لەبەر ئەنجامی داواکارییەکانیشیان دوێنێ رێنمایی ژمارە 14 دەرچووە کە تایبەتە بە رێکخستنەوەی دۆسیەی مامۆستایانی وانەبێژ و باشترکردنی رەوشی داراییان.

ئالان حەمە سەعید لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتەکەیان بەبەردەوامی پشتیوانی داواکارییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ بووە و بۆ ئەو مەبەستەش لەماوەی رابردودا پڕۆژەیەکیان پێشکەشی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کردووە، بۆ ئەوەی دۆخێکی دارایی مامۆستایانی وانەبێژ باشتر بکرێت، ئەو پڕۆژەیەش پەسەندکرا.

باسی لەوەشکرد، دوێنێ 1ی تشرینی یەکەم فەرمانێکی وەزارییان دەرکردووە و کە تایبەتە بە رێکخستنەوەی دۆسیەی مامۆستایانی وانەبێژ و باشترکردنی رەوشی داراییان.

دوێنێش وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رێکاری نوێی لەبارەی مامۆستایانی وانەبێژ دەرکرد و رایگەیاند، بڕیارماندا بە پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکان بە دادنانی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو لە باخچەی منداڵان و قوتابخانە و خوێندنگەکان.

Back to top button