پەكەكە و هێزەكانی بەشار ئەسەد بە شۆفڵ و گرێدەری دەستیان بەتەخت كردنی بارەگا و ماڵی كادیرانی ئەنەكەسێ كردووە

 

خواكوڕك

پاش هێرشی پەكەكە بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە لە قەزای شنگال و ناحیەی سنوونێ، پارتی كرێكارانی كوردستان و شارەوانی رژێمی بەشار ئەسەد لە رۆژئاوای كوردستان، بەیەكەوە شۆفڵ و گرێدەریان بردۆتە سەر بارەگا و ماڵی ئەندامانی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد_ سوریا ( ئەنەكەسێ) و پارتی دیموكراتی كوردستان_ سوریا( پەدەكەسێ) ماڵ و بارەگاكانیان تەخت دەكەن”.

بەگوێرەی زانیاریەكانی دەستی خواكوڕك كەوتووە لەئێستادا رەوشێكی ئەمنی مەترسیدار لە رۆژئاوای كوردستان دروست بووە خەڵكی ئەو ناوچەیە لەدەرفەتی خۆ رزگار كردن دەگەرێن بۆ ناو هەرێمی كوردستان و لەوبارەیەوە، هاوڵاتیانی خەڵكی شاری دێركێی رۆژئاوای كوردستان دەلێن لە شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان گەلێک شۆفڵ و گرێدەر هێنراون، ئەمانە لەلایەن ئیدارەی دیمەشقەوە بۆ پەیەدە نێردراون و ترسی ئەوە هەیە، ماڵی ئەو خێزانانە بڕوخێنرێت کە لایەنگری ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان لە سووریا (ئەنەکەسە)ن.”

هەر لەو بارەیەوە ئیبراهیم سلێمانی، کادیری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا پەدەكەسێ، لە عاموودا بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە،: ”کادیرانی ئەنەکەسە کەوتوونەتە ژێر گوشار و هەڕەشە و چاوسووکردنەوە و ڕفاندن و تاڵانکردنی ماڵی خەڵک دەستی پێ کردووە و (پەیەدە) بە هەموو شێوەیەک كادیران و ماڵ و بارەگاكانی ئێمە و ئەنەكەسێ تەخت دەكات و كادیرانمان دەرفێنێت، بەشێوەیە رەوشێكی زۆر ترسناك لە رۆژئاوای كوردستان دروست بووە”.

هەر بەگوێرەی زانیاریەكانی دەستی خواكوڕك كەوتووە لە ئێستادا خەڵك بیر لە رێگایەك دەكاتەوە بۆ دەرچوون لەشارەكانیان لەناو رۆژئاوای كوردستان، پەیەدە و پازگەكانی ئەو حزبە رەوشێكی تووندی ئەمنیان گرتووە بۆ ئەوەی كەس لەدەستی پەیەدە رزگاری نەبێت و كەس لە رۆژئاوای كوردستان رانەكات، سەرچاوەكان باس لەوەش دەكەن، پەیەدە دەیەوێت هەموو كادیر و لایانگرانی ئەنەكەسێ و پەدەكەسێ لە زیندانەكانی بەشار ئەسەد و هی خۆی قایم بكات، بەشێوەیەك لە ئێستادا شوێن لە زیندانەكانی پەیەدە نەماوە بۆ گیرانی خەڵك”.

 

Back to top button