یەكێتی مافی نیە باسی مافی چارەی خۆنووسین بكات
خواكورك
پاش هاتنی داعش بۆ عێراق و گرتنی شاری مووسڵ و فەشەڵی سوپای عێراق و دۆخی ناوچەكە گۆڕانكاری بەسەر دا هات بۆ یەكەم جار هێزی پێشمەرگە لەبەرامبەر داعش وەستایەوە و هەموو ناوچەكانی لەدەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانی كەوتە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە، لەپاش ئەوەی پێشمەرگە تەواوی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی رزگاری كرد، بارزانی پاش رزگار كردنی ناوچەكان، لە لێدوانێكدا رایگەیاند، كە هێزەكانی پێشمەرگە بەخوێنی خۆیان سنوری كوردستانیان كێشاوە، مادەی (140) كۆتای پێهات، ئەم قسەیەی بارزانی كاردانەوەی یەكێتی لێكەوتەوە، لە لێدوانێكی دا بۆ كەناڵێكی نزیك لە مالیكی ئاڵا تاڵەبانی رەخنەی تووندی لە لێدوانەكانی پارتی و بارزانی گرت و رایگەیاند هەڵەترین قسە ئەوەیە بلێت سنوری كوردستان بە خوێنی پێشمەرگە كێشراوە، ئەم قسەیە پێویستە حكومەتی عێراق بێتە دەنگ و دادگای فیدرالی ئەو كەسانە پەڵكێشە بەردەم دادگا بكات”.
دوای قسەكانی ئاڵا تالەبانی هەریەكە لە ئارێز عەبدولڵا و مەلا بەختیار و چەند بەرپرسێكی تر لەسەر مادەی (140) هاتنەوە سەر خەت و داوای جێبەجێ كردنی مادەی (140) یان لە حكومەتی عێراق كرد ئەمەش وەك ئاماژەیەك لەدژی قسەكانی پارتی و بارزانی كە گوتی مادەی (140) كۆتای پێهاتووە”.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە تا ئەو چركە ساتە هەڵوێستی فەرمی یەكێتی ناناسرێتەوە، بەڵام لێدوانی زاڵی یەكێتی دژایەتی خواستی سەربەخۆی كوردستان و مافی چارەیخونووسینی گەلی كوردستان دەكات، ئەمەش پێویستی بەبەڵگە نیە كە یەكێتی بەئاشكرا لە زاری چەند ئەندام پەرلەمانێكی دەسترۆیشتوو و ئەندامی سەركردایەتی دەسترۆیشتوو ناو یەكێتی وتراوە”.
ئازاد جوندیانی ئەندامی یەدەگی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە نامەی دەستلەكاركێشانەوەی لە یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا ئاشكرای كرد كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، دەستی لە سەربەخۆی كوردستان بەرداوە، بەدیاری كراوی دژایەتی خواستی سەربەخۆی كوردستان دەكات، وەك ئازاد جوندیان لە نامەكەدا دەلێت، بەڕێزان، گەرەكمە بە ڕوونی ئەوەش بڵێم، ئەوەی من و سەدان و هەزارانی وەك منی لە یەكێتی دڵكرمێ و دڕدۆنگ و نامۆ كرد، ئەو هەڵوێستە تەماوی و ناڕۆشن و گوماناوییەیە، كە لانی كەم لە دوو سێ ساڵی ڕابردوودا بەرامبەر بە كڕۆكی ئامانجە ڕزگاریخوازیەكەی یەكێتی و مافی چارەنووس (چارەی خۆنووسین) هەیەتی، كە ئەویش سەربەخۆییە. ئەو ناڕۆشنی و گوماناوی بوون و هەڵگەڕانەوەیە لەو ئامانجە لەمێژینەی كوردایەتی، بە هەموو ئەو بڕو بیانووانەش كە بۆ خۆدزینەوە لەو ئامانجە پڕوپاگەندەی پێوە ئەكرێ جێی پەسندی هەزاران تێكۆشەر نەبووەو نیە، كە بەشانازییەوە منیش لەو بەرەیەدام كە دژی سیاسەتی بەتاڵكردنەوەی كوردایەتیە لە ناوەرۆكی سەربەخۆیی .
هەروەها چاودێرانی سیاسی دەلێن یەكێتی بەئاشكرا دژایەتی سەربەخۆی كوردستانی لەماوەی ئەو دوو ساڵە كردووە و بەردەوام لەهەوڵی گەرانەوەی عێراقی بەهێز و مەرگەزیەت بووە، ئەمەش شتێكی بەڵگە نەوێستەو دەتوانیت هەر ئێستا سەدان بەڵگە و لێدوانی یەكێتی بەردەست دەكەوێت بۆیە یەكێتی مافی ئەوەی نیە باسی سەربەخۆی كوردستان بكات، ئەگەر یەكێتی راست دەكات تەنها با دژایەتی دەوڵەتی كوردستان نەكات نەك ئەو چەواشەكاریەی كە رۆژتا ئێوارە خەریكی گەوجاندنی خەڵكن چونكە مێژوو باش ئەو رۆژانە دەنووسێتەوە”.