عەبدولحەكیم خەسرەو: تا ئێستا نۆ ملیار دینار قهرزى كۆمپانياكان وەرگیراوەتەوە
سكرتێری لیژنەی باڵای چاكسازی ئاشكراى دهكات كه جێ بهجێكردنى بڕگه و ماددهكانى ياساى چاكسازى بهردهوامه و دۆسیەی شەھیدانی شەڕی دژ بە داعش تەواو بووە دۆسییەكانیان گوازراوەتەوە بۆ وەزارەتی كاروبارى شههیدان و ئهنفالكراوانى حكوومهتى ههرێمى كوردستان.
ئهمرۆ شهممه، 6-11-2021، عەبدولحەكیم خەسرەو، سكرتێری لیژنەی باڵای چاكسازی لە كۆنفراسی خستنەڕووی چوارەمین راپۆرتی چاودێری و ھەڵسەنگاندنی ھەنگاوەكانی چاكسازیی كابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ڕایگەیاند: “جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی بەردەوامە و ئێستا دۆسیەی شەھیدانی شەڕی دژی داعش تەواو بووەو چووەتە سەر وەزارەتی كاروبارى شههیدان و ئهنفالكراوانى حكومهتى ههرێمى كوردستان”.
سكرتێری لیژنەی باڵای چاكسازی، ڕاشیگەیاند: “ڕاستە تاڕادەیەک جێەجێكردنی یاسای چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە سستە، ئەویش پەیوەستە بەو چاكسازییانەی كە ھاوپەیمانانیش بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە ھەیانە و ھەردوو ھاوتەریبە و دەبێت ئەوەش بزانین ھاوكارییەكانی ھاوپەیمانان پەیوەستە بە جێبنەجێكردنی یاسای چاكسازییەوە”.
عەبدولحەکیم خەسرەو له كۆنفرانسهكهدا سهبارهت به كۆدی بێ ھاوتا بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە گوتى: “لەم ھەفتەیە دەست دەكەین بە دروستكردنی كۆدی بێ ھاوتا بۆ 46 ھەزار پێشمەرگە لە لیواكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە”.
ههروهها لەبارەی چاكسازییەكان لە دۆسیەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان گوتی: “لەم بوارەشدا چاكسازی كراوە و ئێستا 87 كەس سوودمەندی وەرگرتنی منحەن لە وەزارەتی كار و 14 ھەزار كەس نایاسایی بوون و مووچەكانیان بڕاوە و دەبێت كەسی نوێ لە شوێنیان دابنرێت”.
سكرتێری لیژنەی باڵای چاكسازی لهكۆتايى دا لەبارەی وەرگرتنەوەی قەرزی كۆمپانیاكانيش گوتى: “تا ئێستا نۆ ملیار دینار وەرگیراوەتەوە و پرۆسەی گواستنەوەی رەھنی ئەو كۆمپانیا و بازرگانە قەرزارانە كاری لەسەر دەكرێت کە بگوازرێتەوە سەر وەزارەتی دارایی”.