پێشمەرگە و سوپای عێراقی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لە دژی داعش ئەنجام دەدەن

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ رايده‌گه‌ينێت: هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان لە سنووری پارێزگای نەینەوا لە دژی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش ئەنجام دا.

سەنتەری میدیای وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له‌ راگه‌يێندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 6-11-2021 هێزەکانی میحوەری شەشی پێشمەرگە لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، دەستیان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی هاوبەش کرد.

 وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ راشیگەیاندووە: ئۆپەراسیۆنەکە بە پشتیوانیی هێزی ئاسمانیی عێراقی و فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکانی کوشافی سەروو و کوشافی خواروو ئەنجام دراوە.

ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەی پێشمەرگە و سوپای عێراق، پاککردنەوە و رووماڵکردنی ئەم ناوچانەیە لە داعش کە دەکەونە سنووری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان.

سەنتەری میدیا ده‌شلێت، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکە بەردەوامە.

Back to top button