مه‌سرور بارزانی بەردی بناغەی قوتابخانەیەک لە گوندی کۆری دادەنێت

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێویستە هەمووان پێکەوە نموونەیەکی جوانی حوکمڕانی نیشان بدەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمێکدا بەردی بناغەی قوتابخانەیەکی 18 پۆلی لە گوندی کۆری لە هەولێر، دانا.

دەقی وتارەکەی مەسرور بارزانی:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان ئامادەبوانی هێژا

بەیانیتان باش

زۆر بەخێر بێن

هەفتەیەك پێش ئێستا، بەداخەوە بەهۆی بارانبارینێكی زۆر هەروەك باس كرا، لێرە زەرەر و زیان بەر ئەم كۆمەڵگەیە كەوت. كە من هاتم سەردانم كرد، شتێك زۆر سەرنجی راكێشام، یەكێك لە كوڕە گەنجەكانی دانیشتووی ئەم كۆمەڵگەیە لە جیاتی ئەوەی داوای شتێك بۆ خۆی بكات، گوتی ئێمە قوتابخانەمان نییە، ئەگەر بكرێ قوتابخانەیەكمان بۆ بكەن. ئەوەی ئێمە پێمانكرا ئەوكاتەش بەڵێنم دا و گوتم ئەوەی پێمان بكرێ بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی زیانیان بەركەوتووە، درێغی ناكەین. ئەمڕۆش لێرەین بۆ ئەوەی بەڵێنەكەی خۆمان جێبەجێ بكەین.

هەر ئەوكاتە پەیوەندیم كرد بە حكوومەتی عێراق بەڕێز مستەفا كازمی و داوام كرد لە بودجەی تەواری ئەگەر پێیان بكرێ یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدەن وەكوو مافی ئەو خەڵكە، بەڵێنی پێدام ئەوانیش بە بڕێك پارە هاوكاریمان بكەن، بەڵام چاوەڕێی ئەوەمان نەكرد و هەر لەو كاتە من پارێزگاری هەولێر و وەزیری شارەوانی و بەڕێزانی دیكەی پەیوەندیدار بەو بابەتەم راسپارد تاوەكوو قەرەبووی ئەو خەڵكە بقەبڵێنن و بزانین چیمان پێ دەكرێ بۆ ئەوەی یارمەتییان بدەین. بە سوپاسەوە هەموو ئەو بەرپرسە ئیدارییانەی لەو كاتە لەگەل ئەو خەڵكە خەریك بوون، لە پاككردنەوە و ڕزگاركردنی ژیانی ئەو خەڵكە و دواتر قەبڵاندنی زەرەر و زیانەكان و پرۆسەی قەرەبووكردنەوەی خەڵكیش هەر لە سەرەتاوە لەگەڵیاندابوون، من دەستخۆشییان لێ دەكەم و هیوادارم نموونەیان زۆر بێت.

دروستكردنی ئەو قوتابخانەیە بەو شێوەیە بوو، لەسەر داوای ئەو خەڵكە كە پێویستە قوتابخانە دروست بكرێ، بەڵام هەر لەو وەختە زۆر لەو دڵسۆزانەی نیشتمانپەروەر لە كوردستان باسیان كرد و ئامادەییان نیشان دا كە ئێمە دەمانەوێ ئەگەر پێویست بێت یارمەتیتان بدەین، یەكێك لەو بەڕێزانە شێخ فاخر بوو لە گرووپی قەیوان كە گوتیان ئێمەش ئەگەر پێویست بێ دەتوانین یارمەتیتان بدەین، ئێمە داوامان كرد بۆ ئەوەی ئەم قوتابخانەیە دروست بكەن، بە سوپاسەوە ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەوەی بەردی بناغەی ئەم قوتابخانەیە دابنێین.

ئەمە رۆحی خۆشەویستیی هاووڵاتییان و یارمەتیدانی یەكتر، بەهاناوەهاتن و دروستبوونی بڕوا و متمانەی بەینی هاووڵاتی و حكوومەت پێشان دەدات، ئەمە شتێكە پێویستە زیاتر كاری لەسەر بكەین بۆ ئەوەی نموونەیەكی جیاوازی حكومڕانی لە كوردستان پیشانی هەموو لایەك بدەین كە حكوومەت لەگەڵ كەرتی تایبەت لەگەڵ هاووڵاتیان هەموو پێكەوە یەك خەممان هەیە ئەو خەمەش خەمی نیشتمان و دانیشتوانی ئەو نیشتمانەیە. بە یەكەوە هاوكاریی یەكتر دەكەین بۆ ئەوەی وڵاتی خۆمان بونیاد بنێین و باشتری بكەین.

لەم كابینەیە ئێمە زیاتر لە پەنجا قوتابخانەی نوێ هاتوونەتە خزمەت وەزارەتی پەروەردەوە كە ٢٥ هەزار قوتابیی نوێ وەردەگرێت. هەروەها بودجەی پێویستیش بڕیارمان لەسەر داوە بۆ دروستكردنی ٢٣ باخچەی ساوایان و قوتابخانەی دیكە، هیوادارم بە زوویی لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان تەواو ببن.

هەر بەو بۆنەیەوە كە ئێمە نزیك دەبینەوە لە ساڵیادی كۆچی دوایی پارێزگاری خۆشەویستمان كاك فرسەت سۆفی، داوا لە وەزیری پەروەردە دەكەم یەكێك لەو قوتابخانانە بە ناوی كاك فرسەت بكات، ئەمەش بۆ پێشاندانی سوپاس و تەقدیری هاووڵاتیان بۆ ئەو بەڕێزە جوانەمەرگە و هەروەها بۆ ئەوەی ئێمە وەكوو نواندنی وەفایەك بۆ ئەوانەی خزمەتی خەڵكی خۆیان دەكەن، پێشانیان بدەین.

هیوادارم ئێمە بەردەوام بین لەوەی بتوانین لە هەموو كاتێكدا نەك تەنیا لەو كاتەی خوا نەخواستە كارەسات ڕوودەدات، لە هەموو كاتێكدا پێكەوە كار بكەین بۆ ئەوەی بتوانین وڵاتێكی ئاوەدانتر بونیاد بنێین.

من جارێكیتر سوپاسی كۆمپانیای قەیوان دەكەم بۆ ئەم هەڵوێستە جوانەیان و هیوادارم نموونەیان زۆر بێت. هەر بەو بۆنەیەشەوە زۆر بازرگان و سەرمایەداری تریش ئامادەیی خۆیان نیشانداوە كە هاوكاریی حكوومەت بكەن بۆ راپەڕاندنی ئەو ئەركانەی پێیان دەسپێردرێت.

بەڕێزان بابەتێكی دیكە هەبوو دەمویست لێرە باسی بكەم، ئەویش ئەوەیە كە دوێنێ شەو هەوڵێكی ترسنۆكانە دراوە بۆ تیرۆركردنی بەڕێز سەرۆك وەزیرانی عێراق بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، ئێمە بە توندترین شێوە ئەو ئەو هەوڵە تیرۆریستییانە سەركۆنە دەكەین، بە هەموو شێوەیەكیش پشتیوانیی خۆمان بۆ بەڕێز مستەفا كازمی بۆ چەسپاندن و پێشخستنی دیموكراسیەت و سەقامگیری لە وڵاتدا دووپات دەكەینەوە.

خۆشەویستان

من وەك هەر جار دەمەوێ جارێكیتریش داكۆكی لە خاڵێك بكەمەوە، ئەویش خاڵی خۆپاراستنە لە پەتای كۆرۆنا، داوا دەكەم بەڕێزان ئەوانەی تائێستا پێیان نەكراوە یان ئامادە نەبوون، بڕۆن بۆ ئەوەی ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن، بۆ ئەوەی خۆیان و كەسوكاریان بپارێزن. چەندینجار داوام لێكردوون ئەمە ئەركێكی هاوبەشە، با ئەم فشارە تەنیا لەسەر كەرتی تەندروستی نەبێت. پێویستە سوپاسگوزاری ستافی كەرتی تەندروستی بە هەموو پزیشك و پەرستاران بین كە شەو و ڕۆژ لە خزمەتی ئێمەدان، بەڵام بۆ سووككردنی ئەركی ئەوان ئێمە خۆمان دەتوانین بە كوتانی خۆمان بە ڤاكسین، زیاتر خزمەتی خۆمان و وڵاتەكەمان بكەین و ئەم بارە قورسە لەسەر شانی ئەوانیش كەم بكەینەوە.

داواتان لێدەكەم رەچاوی ڕێنماییەكانی تەندروستی بكەن و خۆتان بپارێزن، هیوادارم هەمووتان هەر سەلامەت و سەركەوتوو بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.

Back to top button