يه‌كێتى ليژنه‌يه‌كى به‌ سه‌رۆكايه‌تى شێخ جەعفەر بۆ وەرگرتنەوەی ماڵ و موڵكی یەكێتی لە لاهوور جەنگی پێكهێنا

سەرچاوەیەكی نزیك لە یەكێتی ئاشكرا كرد، مه‌كته‌بى سیاسیی یەكێتی بە كۆى ده‌نگ، شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فای راسپاردووە سەرۆكایەتیی لێژنەیەك بكات بە مەبەستی بەدواداچوون و دواتر لێسەندنەوەی موڵك و ماڵی یەكێتی لە لاهوور جەنگی و هه‌موو ئەوانەی تر كە لایه‌نگرى ئه‌ون و لە كۆتایی هەفتەی رابردوودا به ‌بڕیارى مه‌كته‌بى سیاسى له‌ حزبه‌كه ‌ده‌ركراون.

سەرچاوەكە ڕوونی كردەوە، لاهوور جەنگی سه‌دان ملیۆن دۆلارى یەكێتیی بۆ لایه‌نگرانى خۆى خەرج كردووه‌ و بەو پارەیە، موڵك و ماڵ و ئۆتۆمبیل و زه‌ویوزاری داوه‌ته‌ لایه‌نگرانى، جگه‌ له‌وه‌ى چه‌ندین كۆمپانیاى گه‌وره‌ى به‌ براكانى بەخشیوە.

هەمان سەرچاوە ئاشكرای كرد كە تەنیا لە چەند مانگێكی رابردوودا، لاهوور جەنگی 700 كەسی لایەنگری خۆی له‌سه‌ر بودجه‌ و پاره‌ى یه‌كێتى وه‌ك هێزى چه‌كدار دامەزراندووە، تاوەكوو لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ یەكێتی، به‌كاریان بهێنێت.

باسیشی لەوە كرد، لە دوای ده‌ركردنى له‌ یه‌كێتى، لاهوور جەنگی داوای لە بافڵ تاڵه‌بانى كردووە، كەیسی ژه‌هرخواركردنى نه‌یارانى نه‌باته‌ دادگا و ڕێگەی پێبدات حزبێك دروست بكات. لە بەرامبەریشدا مه‌كته‌بى سیاسیی یەكێتی دژى ئه‌وه‌یه‌ لاهوور جه‌نگى حزب دروست بكات و پاره ‌و ماڵى یه‌كێتى بۆ دژایه‌تیكردنی به‌كار بهێنێت.

سەرچاوەكە كه‌ بۆ باسنيوز قسه‌ى كردووه‌ گوتی: ”‌پێشبینى ده‌كرێت لاهوور جه‌نگى ڕووبه‌ڕووى دادگا بكرێته‌وه‌، چونكه‌ بافڵ تاڵه‌بانى له ‌كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى گوتوویەتی، لەنێو یەكێتیدا ئیتر هەڵەی وەها دووبارە ناكرێتەوە‌ كه‌ پاره ‌و ماڵى یه‌كێتی درا بە خەڵكێك و ئەوانیش حزبیان پێدامەزراند و كەوتنە دژایەتیی یەكێتی“.

Back to top button