مستەفا کازمی پەیامێکی توند ئاراستەی هێرشکارانی سەر ماڵەکەی دەکات

سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئێمە ئەو کەسانە باش دەناسین کە هێرشیان کردۆتە سەر ماڵەکەم، باش دەیانناسین و ئاشکرایان دەکەین.

بە ئامادەبوونی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بارەی هێرشەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر ماڵەکەی ڕایگەیاند: شەوی ڕابردوو بە 3 دڕۆن هێرش کرایە سەر ماڵەکەم، ئەوە کارێکی ئازایانە نییە و گوزارشت نییە لە ویستی گەلی عێراق.

هەر سەبارەت بە هەوڵی تیرۆرکردن بۆ سەر ماڵەکەی مستەفا کازمی ڕایگەیاند: بەدوای ئەو کەسانە دەچین کە دوێنێ تاوانەکەیان ئەنجامدا، باش دەیانناسین و ئاشکرایان دەکەین.

هەروەها سەبارە بە دۆخی عێراق مستەفا کازمی گوتی: هەندێ لایەن هەوڵدەدەن یاری بە ئاسایشی عێراق بکەن و دەوڵەتی چەتەگەرییان دەوێت، بەڵام ئێمە بونیادنانی دەوڵەتمان دەوێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە خۆپیشاندانی ئەم دواییەی ناوچەی سەوزیش ڕایگەیاند: بڕیار دراوە بەزوویی لێکۆڵینەوە بکرێت لە ڕووداوی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی هەینی کە لە ناوچەی سەوزی بەغدا کرا و هەموو ئەو کەسانەی دەستدرێژییان کردووە ڕادەستی دادگە دەکرێن  بێ جیاوازی، چونکە ئێمە جیاوازی لەنێوان عێراقییەکان ناکەین.

Back to top button