سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە گەورە ڕاوێژکاری سەربازیی حکوومەتی بەریتانیا دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە 8ی نۆڤێمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارشاڵ سامی سیمپسن گەورە ڕاوێژکاری سەربازیی حکوومەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا کرد.

لە دیدارەکەدا کە دەیڤد هەنت کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بارودۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێ کرا .

هەردوولا هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیان بە توندی سەرکۆنە کرد و پشتگیریی خۆیان بۆ پاراستنی سەقامگیریی دۆخی عێراق و ئەزموونی دیموکراسیی دووپات کردەوە.

گەورە ڕاوێژکاری سەربازی حکوومەتی بەریتانیا، ئاماژەی بە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان وەک فاکتەرێکی سەقامگیریی لە ناوچەکە کرد و پابەندبوونی وڵاتەکەشی بۆ بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەربڕی.

سەرۆکی حکوومەت، سوپاسی پشتگیریی بەردەوامیی بەریتانیا و هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد و جەختی لە گرنگیی پاراستنی سەقامگیریی و پێشخستنی پرۆسەی سیاسیی عێراق، لە ڕێگەی پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر کردەوە کە خزمەتی سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق بکات.

Back to top button