پارتی و یەكگرتوو كۆدەبنەوە

خواكوڕك
دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەكگرتووی ئیسلامی سەردانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان  بۆ تاوتوێكردنی پڕۆژەیەكیان كە  بۆ چارەسەركردنی دۆخی چەق بەستوی هەرێم ئامادەیی كردووە، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رای گەیاند، بریارە لەبارەی پڕۆژە 12 خاڵیەكەیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆببنەوە.

خەلیل ئیبراهیم ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی  راگەیاند، بریارە لەسەر نەخشەڕێگەكەی یەكگرتووی ئیسلامی كە 12ی خاڵە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆببینەوە، نەخشە ڕێگەكە پێشتر دراوە بە حزبەكانی تری وەك یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و كۆبوونەوەیشی لەبارەیەوە كراوە، بۆیە تەنیا پارتی ماوە لەوبارەیەوە گفتوگۆی لەگەڵ بكەین.

ئەو بەرپرسەی یەكگرتووی ئیسلامی ئاشكرای كرد، پڕۆژەكەیان گشتگیرە و سەرجەم حزبە سیاسییەكان دەگرێتەوە، بەڵام دەمانەوێت سەرەتا گفتوگۆ لەگەڵ پێنج حزبەكە بكەین.

شایەنی گوتنە، یەكگرتووی ئیسلامی لەنەخشەڕێگەكەی كە ئەمڕۆ پێشكەشی یەكێتی كردووە باسی چارەسەری دۆخی هەرێمی كوردستان دەكات و دوپاتی جێبەجێ‌ كردنی پەیامەكەی رۆژی 20 تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە كە تیایدا داوای كرد، حزبەكان بكەونە گفتوگۆ و پەرلەمان كارا بكەنەوە و سەرۆكایەتییەكی نوێ هەڵبژێرن، دواتر پێویستە حزبەكان رێك بكەون حكوومەتێكی نوێ پێك بهێنن و بەڕێزێكیش بۆ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان تا كاتی هەڵبژاردن دەستنیشان بكەن و منیش بەهەموو توانایەكەوە یارمەتی ئەو پرۆسەیە دەدەم. لەدوای ئەو پەیامەوە چەند كۆبوونەوەیەكی حزبەكان ئەنجام درا و تا ئێستەش كۆبوونەوەكان بەكراوەیی ماونەتەوە.

Back to top button