شەپۆلێكی بەفر و باران روو لە هەرێمی كوردستان دەكات

پلەكانی گەرمی دادەبەزن و شەپۆلێكی بەفر و باران روو لە هەرێمی كوردستان دەكات، كاریگەرییەكانی شەپۆلەكەش زیاتر هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی دەگرێتەوە.

بەپێی پێشبینییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممه 11ی مانگەوە، ئاسمانی ناوچە شاخاوییە سنوورییەكان لە نیمچەهەورەوە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، لەگەڵ بارانبارین لە تەواوی ناوچە شاخاوییە سنوورییەكانی پارێزگاكان، بەتایبەت ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای سلێمانی و هەولێر.

سەرچاوەكە ئاماژەی داوە وێڕای بارانبارین، ئەگەری بەفربارین لەو ناوچە شاخاوییانە دەكرێ كە بەرزاییان لە رووی دەریا سەرووی دوو هەزار و 200 مەترە.

ئەگەری نمەباران لە ناوچە جیاجیاكانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر هەیە لە كاتەكانی بەرەبەیانی رۆژی هەینی 12ی تشرینی دووەم.

 

Back to top button