كهركووك: زبڵ و خاشاك دیمەنی ئەو شارەی تێكداوە.
خواكوڕك/ كهركووك : لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر 2017 حوكمڕانی كەركووك كەوتە دەستی عەرەبی شۆفێنی و سەروەت و سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی ئەو شارە دەبەن و هیچ خزمەت گوزارییەك بۆ شارەكە جێبەجێ ناكەن و زبڵ و خاشاك دیمەنی شارە.
سەرۆكی شارەوانی كەركووك دەڵێ هۆكاری بەرزبوونەوەی زبڵ و خاشاك لە تەواوی كەركووك دەگەڕێتەوە بۆ بڕینی یەك ملیار دیناری پارەی هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاكی شار لەلایەن حكوومەتی ناوەندی عێراق،پەرلەمانتارێكی پارتی دەڵێ، ڕۆيشتینە بەغدا هەوڵدەدەین ئەو غەدرەی لە شارەكەمان دەكرێت ڕای بگرین و بودجەكەی خزمەت گوزاری بۆ بگەڕێنینەوە، دهشلێت: پارێزگار لای پارتی بێت ئاستی خۆشگوزەرانی كەركووك دەگەیەنینە ئاستی هەولێر.
فەرەیدون عادل سەرۆكی شارەوانی پارێزگای كەركووك بە دهزگاى ميديايى خواكوڕكی ڕاگەیاند:” لە ساڵی 2020 پارەی هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاكی كەركووك لە یەك ملیار و 200 ملیۆن دینارەوە كەم كراوەتەوە بۆ 200 ملیۆن دینار ،یەك لەسەرشەش پارەكە كەم كراوەتەوە،كەركووك دابەشكراوە بەسەر شەش زۆندا بۆ پاكردنەوە، پارەكەش تەنها بەشی یەك زۆن دەكات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كەركووك ڕۆژانە 1000 تەن زبڵاو خاشاكی هەیە ئەگەر ئەو پارەیە نەگەڕێتەوە بۆ دۆخی جاران مانگانە ملیارێك و 200 ملیۆن دینارەكە ئەوە بە هیچ شێوەیەك ناتوانین كۆنتڕۆڵی هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاكی شار بكەین،بابەتی خۆڵ وخاشاك فەنیات نییە تەنها پێوەندی بە پارەوە هەیە،ئەگەر پارەمان بۆ سەرف بكرێت ئەوە كەركووك پاك دەبێتەوە.
لەلایەن دەسەڵاتی سەپێندراو بەسەر كەركووك و حكوومەتی ناوەندی عێراق، لە دووای داگیركردنی ئەو شارە لە خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 خزمەت گوزارییە گشتییەكانی ئەو پارێزگا كوردییە بۆ خوار سفر دابەزیوە، دیمەنی دەروازەكانی و گەڕەك و بازاڕ تەنها زبڵ و خاشاكە لە كاتێكدا دووەم شاری دەوڵەمەندە بە نەوت”.
هاوكات نەجوە حەمید كاكەیی كاندیدی دەرچووی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق له پشكى پارێزگاى كهركووك، بە خواكوڕكى گوت:” بوودجەی هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاكی كەركووك لە ساڵی 2017 مانگانە ملیارێك و 200 ملیۆن دینار بووە، بەڵام ساڵ بەساڵ ئەم پارە كەم بووەتەوە بۆ 200 ملیار دینار ئەمەش غەدرە لە كەركووك و هاووڵاتییانی دەكرێت لە لایەن بەغداوە، كەركووك شارێكی گەورەیە و لە دووای 16ـی ئۆكتۆبەرەوە خزمەتگوزاری گشتی زۆر بەرەو خراپی ڕۆشتووە،زبڵ و خاشاك دیمەنی ئەو شارەی تێكداوە.
گوتیشی:” ئێمە پاش ئەوەی سوێندی یاساییمان خوارد وەك پەرلەمانتار لە بەغدا،هەوڵی تهواو دەدەین بوودجەی خزمەتگوزارییەكان بۆ كەركووك بگەڕێنینەوە،ئاستی خزمەتگوزارییەكان بگەڕێتەوە، پارەی كەركووك بۆ كەركووكییەكان دابین بكرێتەوە.
كاكهيى زياتر گوتى:” ئێمە وەك پارتی لە كەركووك دەنگێكی زۆرمان بەدەست هێناوە،حەقی خۆمانە پارێزگاری كەركووك بدرێت بەپارتی، ئێمە كەركووكییەكان دڵنیا دەكەینەوە، پارێزگاری كەركووك بدرێت بە پارتی ئەوە ئاستی خزمەتگوزارییەكان و پێشكەوتنی ئەو شارە دەگەیەنینە ئاستی هەولێر و، وەك پەرلەمانتارانی پارتیش دەبینە پارێزەری مافی كەركووكییەكان لە بەغدا.
لە پێش داگیركردنی شاری كەركووك لەلایەن سوپا ومیلشیاكانی حەشدی شەعبی بە هاوكاری گروپێكی خیانەت كاری ناوخۆ، مانگانە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دە ملیۆن دۆلاری نەوتی دەگەڕاندەوە بۆ شارەكە و ئاستی پێشكەوتنی كەركووك زۆر بەرزبوو، كه ئهو كات نەجمەدین كەریم پارێزگاری كۆچ كردوو، پارێزگاری شارەكە بوو.”