مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان!
بەرهەم عەلی
مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان!
لەگەڵ ئەوەدام كە ئەم دێڕە: (مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان)، هەمیشە كار و خەمی هەرە لەپێشینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت، هەر بەڕێزێك سەرۆكی حكوومەت بێت و هەر بەڕێزانێكی تر، لە پۆستەكانی وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتیەكان و وەزیفە پەیوەندارەكانیشدا بن، گرنگە هەمیشە ئەو دێڕەیان لە پێش چاو بێت و كاری دڵسۆزانە بۆ دابینكردنی بكەن و هەنگاوی رژدی بۆ بهاوێژن، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، ئەم چەند ساڵەی رابردوو، هێندەی ئەم دێڕەم لە خەڵكی درۆزن و چاوچنۆكی حزبی و سیاسی و كاراكتەری گەندەڵ و ساختەچی و قاچاخچی و نیشتمانفرۆش و خۆفرۆش و موزایەدەچی و پۆپۆلیست بیستووە كە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەیڵێنەوە نەك لە خەمی خەڵكدا، نیو هێندەم لە خەڵكی هەژار و لێقەوماو و دەردەدار نەبیستووە.
(مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان!).. وای برام ڕۆ رۆژانە لەژێر ئەم دروشمەدا، درۆ و دەلەسە و كاری ساختە و موزایەدە دەكرێت، ئای (مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان!) ئاخۆ ئاگات لێیە تا ئێستا چەند كاراكتەری چاوچنۆك و درۆزن و گیرفانپەرست و گەندەڵ، بەهۆی تۆوە بوونەتە پەرلەمانتار و مووچەی مانگانەی ملیۆنان دینار و ئۆتۆمبێل و شوققە و ڤێلا و خاوەنی سەدان ئیمتیاز و دەستكەوتی ناشەرعی و ناشایستەی تر؟ ئای (مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان!) ئەرێ تۆ دەزانیت، هەر چوار ساڵ جارێك، لە عێراق و لە كوردستان، چەند كورسیی ناشایستە، لە هەردوو پەرلەمانەكە، بە ناوی تۆوە بەدەست دەهێنرێت؟ (بێگومان لەگەڵ رێزم بۆ پەرلەمانتارە دڵسۆز و كوردستانپەروەرەكان)
ئای (مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان!) تۆ دەزانیت، تا ئێستا چەند حزب و حزبۆكە بەناوی دابینكردنی تۆ و شەڕكردن لەسەر تۆوە! هەڵتۆقیون و دامەزراون، بەڵام دواتر ئەوەی كە كاریان بۆ نەكردووە تۆ بوویت و خۆیان بوونەتە خاوەن پۆست و پلەی باڵا و ملیاران دۆلار و تۆش لە كوولەكەی تەڕی نەهج و كاریاندا نەماویت؟
وای (مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان!) ئەگەر دەتزانی رۆژانە لەنێو كەمپینە پڕ درۆ و گوماناویەكان و لێدوان و بەلاغ و پەیام و بەیاننامە حزبیەكاندا، چەند تاوانی درۆكردن و لەخشتەبردن و چەند سەفەقاتی سیاسیی بەرژەوەندپەرستانە بە ناوی تۆوە دەكرێ، هەرگیز بێدەنگ نەدەبوویت.
ئای (مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان!) تا ئێستا چەند جاسووس و تەڵەكەباز و دەستبڕ، بە ناوی تۆوە، بوونەتە پاڵەوانی ساختە و شێرەبەفرینەی پشت مایكەكان و ناو شاشەكان؟ چەند بەناو (رۆژنامەوان و میدیاكار)ی نەزان و نەفام و جاهیلت لەنێو كۆمەڵگەی كوردستانیدا، وەكوو پاڵەوانانی هۆلیوود و میسی و رۆناڵدۆ بەناوبانگ كردووە؟
ئای (مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان!) تا ئێستا چەند پێشكەشكاری كەناڵە تەلەڤزیۆنیەكانت لێ كردووین بە فریادڕەس و خەمخۆری گەل و نیشتمان! كەچی خۆیان لێرەو لەوێ بە ناوی مقاولات و موساتەحە و ئیستیسمار و پرۆژەی هونەری و كولوتوورییەوە، پارچە زەویی فراوان و گرانبەهایان هەر لەو حكوومەتە وەرگرتووە كە ساڵانێكی زۆرە بە ناوی تۆوە رەخنەی لێ دەگرن!
ئای (مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان!) ئاخۆ تۆ دەزانی ئەو سیاسییە قاچاخچی و دز و گەندەڵانەی دەستیان بەسەر مەرزەكاندا گرتووە و سەدا نەوەت و پێنجی داهاتی گومرگەكان بۆ خۆیان و دارودەستەكەیان زەوت دەكەن و شەوانەڕۆژ كەلوپەل و كەرەستە و خۆراكی قاچاخ ئامدیو دەكەن، ئەوانیش كە دێنە سەر شاشەكان و كە دەچنە پشت مایكەكان، قسەی ئەوەڵ و ئاخیریان باسی تۆیە؟ تۆ دەزانیت ئەو دز و قاچاخچییانە مەجالیان بۆ خەڵكی هەژار و مووچەخۆری بەدبەخت نەهێشتووەتەوە تا جار بەجارێ باست بكەن و داوات بكەن؟
وای (مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان!) نازانم تۆ ئاگات لێ بوو كە هەندێ لەو پەرلەمانتارە ئیسلامییانەی هەردوو پەرلەمان \عێراق و كوردستان\، هەر بە ناوی تۆوە بوونە پەرلەمانتار؟ ئاگات لێ بوو هێندەی ناوی تۆیان دەهێنا ناوی خوای گەورەشیان نەدەهێنا؟ ئاخۆ ئێستا بۆت دەركەوتووە كە نە لەگەڵ تۆ و نە لەگەڵ خودای مەزن و میهرەبانیشدا، راستگۆ نەبوون؟ ئاخۆ زانیت ئەو دەمانەی كە تۆ نەبوویت، ئەوان مانگانە بە ملیۆنان دیناریان وەردەگرت؟
ئای (مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان!) تۆ دەزانیت هەندێ لەو پەرلەمانتارانەی (ئۆپۆزسیۆن!) كە بەهۆی تۆوە لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگیان هێنا و چوونە پەرلەمانی بەغدا، هەم تۆیش و هەم خۆیشیان و هەم كوردستانەكەشتیان فرۆشت؟ تۆ دەزانیت ئێستا زۆربەیان لەگەڵ بەرپرسە گەندەڵە عەرەبەكانی بەغدا، خەریكی مقاولات و سەفەقاتی گەندەڵی و بازرگانیی ناشەرعیین؟
ئای (مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان!) تۆ دەزانیت رۆژانە چەند كاری نامرۆڤانە و تەڵەكەبازانە و فێڵبازانە و چەواشەكارانە، لەژێر دروشمی تۆ و بە ناوی تۆوە لەلایەن هەرزە سیاسییە هەڵتۆقیو و قەرەقۆزەكانەوە ئەنجام دەدرێ؟ وای (مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان!) تۆ دەزانیت ساڵانێكە خەڵكانی چەند پاشەڵپیس و خاوەن فایلی رەش، كاتێ بیانەوێ پەرێزی خۆیان پاك بكەنەوە، لەپاش ئەو هەموو رەفتارە ئەهریمەنییانە، دەیانەوێ بەناوی تۆوە و بە باسكردنی تۆ، خۆیان وەك فریشتە پیشان بدەن؟
ئای (مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان!) خۆزگە خۆت زمانت بگرتایە و بكەوتیتایە قسە و بە هەموو ئەو ساختەچییانەت بگوتایە: ”هیچ قسەیەكم لە ئێوە ناوێ، تەنیا ئێوە واز لەو درۆ و تەڵەكەبازی و چەواشەكاری و ساختەكاری و گەندەڵی و دزی و قاچاخچێتی و خۆفرۆشی و نیشتمانفرۆشییە بهێنن، ئیدی من كێشەم نامێنێ و بەردەوام وجوودم دەبێ، تكایە لێگەڕێن با ئەو كەسانەی منیان نیە، ئەوان داوام بكەن“.