جووتیار عادل: پرسی کۆچبەران بەسیاسی کراوە… لە سەرەتای کابینەوەی نۆیەوە تا ئێستا 120 هەزار هەلی کار ڕەخسێندراوە

جووتیار عادل، گوتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکومەتى عیراقى هەماهەنگى دەکات بۆ چارەسەرى دۆخى کۆچی گەنجان و هەر کەسێکیش لە بیلاڕووس و پۆڵەنداوە دەیەوێت بگەڕێتەوە کوردستان حکوومەتى هەرێمى کوردستان هاوکاریی دەکات.

بەسەرپەرشتیى وەزیرى ناوخۆی هەرێمى کوردستان، وەزیر و سەرپەرشتیارى یەکە کارگێڕییەکانى هەرێمى کوردستان لە شارى هەولێر ئەمڕۆ ١٠/١١/٢٠٢١ کۆ بوونەوە و دواى کۆبوونەوەکەش جووتیار عادل، گوتەبێژى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بۆ ئەوە کرد کە لەسەر راسپاردەى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان کار لەسەر پرسی کۆچی گەنجان دەکرێت و هەماهەنگى دەکات بۆ ئەو پرسە و بە جودی کار دەکات تاکوو بە پەرۆشەوە چارەسەرییەکانى ئەو دیاردەیە بخاتە ڕوو.

گوتيشى:” لە سەرەتاى کابینەى نۆیەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستانەوە تاوەکوو ئێستا حکوومەتى هەرێمى کوردستان ١٢٠ هەزار هەلى کارى ڕەخساندووە، هەروەها زۆرێک لە گرفتى مووچە و کارگێڕی و دەرفەتى کارى لە کوردستان چارەسەر کردووە. بەڵام ئەم دیاردەیەى هەیە وەک بانگەشەى سیاسی کارى لەسەر کراوە و ئێستاش کە دیاردەى کۆچی گەنجان بەم شێوەیە زەق کراوەتەوە ئەوا حکومەتى هەرێمى کوردستان جودییە بۆ ئەوەى کار لەسەر هەموو ئەو کێشانە بکات و چارەسەرى گرفتەکان بکات.

هاوكات سەفین دزەیی، سەرپەرشتیارى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان گوتى: دیاردەى کۆچ لە کوردستان لەوەتەى مێژوو هەیە هەبووە، بەتایبەتى هاووڵاتییانی سنوورەکان کە بەمەبەستى ئاژەڵدارى ئەو سنوورانەیان بڕیوە، ئێستاش کە دیاردەى کۆچی گەنجان هەیە، ئەوا دیاردەیەکى جیهانییە و تۆڕەکانى بازرگانى بەمرۆڤ فراوانتر بووە لە کوردستانیش بازرگانى بەو دۆسیەیەوە دەکرێت، بەڵام حکوومەتى هەرێمى کوردستان هەوڵى چارەسەرى دەدات، لەگەڵ حکوومەتەکانى بیلاڕووس و پۆڵەندا گفتوگۆ دەکات و بڕیارى ڕاگرتنى گەشتەکان بۆ ئەو وڵاتانە دراوە.

گوتیشی: ئێمە بەردەوام دەبین بۆ کردنەوەى دەرگاکان، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە هۆکارى ناوخۆییشمان هەیە بۆ ئەوەى کە کۆمەڵیک گرفت هەبن، ئەوەتا هێشتا هێزەکانى سەربە پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکان ڕێگرن بۆ ئاوەدانکردنەوەى گوندەکانى کوردستان و بێئومێدبوونى ئەو خەڵکانەى گوند نشین، ناچار ئەوان بیر لە رۆیشتن دەکەنەوە، هەروەها هەر ئەوان هۆکارن لە ناوچەکانى شنگال و دەوروبەرى کە ناهێڵن ئاوەدانى بگاتە ئەو ناوچانە، کە گەنجانى ئەو ناوچانە بیر لە رۆیشتن بکەنەوە.

سەفین دزەیی روونیشی کردەوە: “هەوڵەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەردەوامە تا بتوانێت ژیانێکى شایستەتر و گونجاوتر بۆ خەڵکى هەرێمی کوردستان دابین بکات، ئەوە حکوومەتى هەرێمى کوردستانیش بەردەوام ئەو پرسە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە، ئەو پرسە لە بیلاڕووسیاش بە سیاسی کراوە، چونکە ئەوان گرفتیان لەگەڵ یەکێتیى ئەورووپا هەیە، بۆیە ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە لەگەڵ پەنابەراندا دەکات”.

 

Back to top button