هادی عامری هەڕەشەی بایکۆت کردنی پرۆسەی سیاسی دەکات
هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، هەڕەشەی بایکۆت کردنی پرۆسەی سیاسیی عێراقی بە تەواوی کرد ئەگەر تانەکانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بەشێوەی راستەقینە و جددی چارەسەر نەکرێن.
هاوپەیمانی فەتح كه چەتری سیاسی گرووپە چەکدارە شیعەکانە لەوانە عەسائیب ئەهلی حەق و کەتیبەکانی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان بە بەدەست هێنانی 16 کورسی دۆڕاوی سەرەکی هەڵبژاردنی پێشوەخت بوو، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنەکانی 2018دا، بە بەدەست هێنانی 48 کورسی براوەی دووەمی هەڵبژاردنەکە بوو.
لهو باریهوه بەگوێرەی راگەیەندراوێك کە لە نووسینگەی سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح بڵاوکراوەتەوە، هادی عامری رایگەیاندووە: “ئێمە سەپاندنی ئیرادە قبوڵ ناکەین و رەنگە پەنا ببەین بۆ بایکۆت کردنی تەواوی پرۆسەی سیاسی، ئەگەر بە شێوەیەکی راستەقینە و جیددی تانەکان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان چارەسەر نەکرێن”.
بەگوتەی سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، جینین هێنیس بلاسخارت کۆنترۆڵی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کردووە و رۆڵی نەرێنی دەگێڕێت و دەستێوەردانی هەیە لە دەرەوەی مەودای کارکردنیدا.
هادی عامری راشیگەیاندووە، شپرزەیی لە کارەکانی کۆمیسیۆن هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەو قەیرانە سیاسییەی ئێستا، و رایگهیاندووه: “کۆمیسیۆن بەر لە هەڵبژاردنەکان بەڵێنی چەندین رێوشوێنی دا بۆ دڵنیاکردنەوەی هێزە سیاسییەکان لە ساختە نەکردن لە ئەنجامەکان، بەڵام پابەند نەبوو بە هیچ کام لە بەڵێنەکانی”.