جووتيار عادل: لەسەر کۆچی گەنجان بۆ بێلاڕووس دوو کەس دەستگیرکراون

 
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، باندێکی فراوان و کاریگەر هەیە کە بە نایاسایی خەڵک بۆ سنوورەکانی بێلاڕووس دەبەن و دەشڵێت “لە 48 کاژێری رابردوودا یەک دوو کەس دەستگیرکراون و پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.”
 
د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رايگەیاند “بەدواداچوون بۆ ئەو باندانە دەکرێت و هەندێک کەس هەیە کە دەبێت دەستگیربکرێن و ئەوانەیشی کە هاوکاریانن بە دڵنیاییەوە دەستگیردەکرێن.”
جووتیار عادل گوتی کە دوو کێشە هەیە دەبێت روونبکرێتەوە، یەکێکان ئەوەیە کە دیاردەی کۆچ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا بەردەوامە و کێشەی دیکە ئەوەیە کە ئەو خەڵکانە لە سنوورەکان گیریان خواردووە، ئەوە جیاوازە و وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان درکمان پێکردووە.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان كه‌ بۆ رووداو قسه‌ى كردووه‌ ئاماژە بەوەش داوه‌ کە بەداخەوە هەندێک فاکتەر هەن کە خەڵک گوێ لەو قاچاخچییانە بگرن و بێلاڕووسیاش ئاسانکاری بۆ ئەوان کردووە ئەوەش وەک فشیارێکی سیاسیی بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
بەگوتەی جووتیار عادل، سەرۆکی حکومەت خۆی لەسەر هێڵە بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە گیریان خواردووە و دەشڵێت “نابێت ئەو خەڵکە بە قسەی قاچاخچییەکان فریوبدرێن، چونکە بابەتی کۆچ لە سنووری بێلاڕووس بووەتە بابەتێکی سیاسی.”
جووتیار عادل باسی ژمارەی ئەو کەسانەی کرد کە گیریان خواردووە لە سنوورەکان و گوتی “نزیکەی 16 بۆ 17 هەزار کەسن، لەو ژمارەیەش 8 هەزار کەسیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن. ئینجا بەشێک لەو کۆچبەرانە هی سنووری ماددەی 140ن و بەهۆی نەبوونی ئەمنی رۆیشتوون، هەروەها لە سنووری شێلادزێش خەڵک بەهۆی بۆردوومانی تورکیا و بوونی پەکەکە کۆچیان کردووە، بەشەکەی دیکە پەیوەستە بە نەبوونی هەلی کار ئەویش خەڵکی ناوچەکانی هەڵەبجە، رانیە و گەرمیان دەگرێتەوە.”
جووتیار عادل دەڵێت، حكومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی رابردوودا 120 هەزار هەلی کاری رەخساندووە و دەشڵێت “دوێنێ لەسەر راسپاردەی فەرمانی جەنابی سەرۆکی حکومەت لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوە و هەر وەزارەتێک بەپێی بەرنامەی خۆی کاردەکات و لیژنەیەکی باڵا و تەکنیکی پێکهێنراوە و لە کێشەی کۆچی گەنجان و ئەوانەی گیریان خواردووە دەکۆڵێتەوە.”
باڵیۆزی بێلاڕووس لە ئەنقەرە سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. د. جووتیار عادل رایدەگەیێنێت “ئێمە حکومەتی عێراقمان هێناوەتە سەرخەت بۆ کێشەی کۆچبەران، هەروەها کاک سەفین دزەیی پەیوەندی کردووە بە باڵیۆزی بێلاڕووس و نوێنەری خۆمان لە پۆڵەندا بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی کۆچبەران. حکومەتی عێراقیش تێچووی ئەو کەسانە لە ئەستۆ دەگرێت کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە.”
“دەبێت قاچاخچییەکان رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە”
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو قاچاخچییانەی کە خەڵک هاندەدەن بۆ کۆچکردن گوتی “دەبێت ئەو قاچاخچییانە رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە و بەتووندرین شێوە رێکاریان بەرامبەر بگیرێتەبەر، هەروەها داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم چارەنووسی خۆیان نەخەنە دەست قاچاخچییەکان.”
جووتیار عادل ئاماژەی بە دەستگیرکردنی چەند کەسێک کرد کە کاری قاچاخی دەکەن و گوتی “بەدواداچوون بۆ ئەو باندانە دەکرێت و هەندێک کەس هەیە کە دەبێت دەستگیربکرێن و ئەوانەیشی کە هاوکاریانن بە دڵنیاییەوە دەستگیردەکرێن. پێش 48 کاژێر یەک دوو کەس دەستگیرکراون و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت.”
بەگوتەی جووتیار عادل، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو ژمارە و رێژەی کۆچکردن “کەمتر بووە” ئاماژە بەوەش دەدات “راستە گەنج هەیە هەلی کاری نییە بەڵام دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی رابردوو جیاوازیی هەیە.”
خەڵک هەیە لە کوردستان بۆ چارەسەری پزیشکی رێگەی کۆچ دەگرێتەبەر و پێیوایە کە لە کوردستان ناتوانێت چارەسەریی پێویستی بۆ بکرێت. جووتیار عادل دەڵێت “بەلای حکومەتەوە سێکتەری تەندروستی یەکێکە لە سێکتەرە گرنگەکان و کەسی شارەزا و باش هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و کاریان لەسەر دەکرێت. بۆیە دڵنیایی دەدەین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانێکی زۆر تۆکمەی بۆ سێکتەری تەندروستی هەیە.”
سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت ” هەوڵدەدەین کە مووچە بە رێژەی 100٪ دابەشبکەین، خەڵک دڵنیادەکەینەوە کە مووچە وەکو خۆی دابەشدەکرێت. هەروەها لەگەڵ حکومەتی عێراقی لە پەیوەندیداین بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکان و گفتوگۆی زیاتر لەبارەی دابینکردنی مووچە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.”
 بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، زیاتر لە چوار هەزار و 100 کۆچبەر لە بیلاڕووسەوە چوونەتە لیتوانیا، کە بەشی هەرە زۆریان خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بوون.

دوای تووندکردنی سنوورەکانی لیتوانیا، لە مانگی ئابەوە، نزیکەی 26 هەزار کۆچبەری نایاسایی هەوڵیانداوە بچنە پۆڵەندا. سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێن، هۆکاری دروستبوونی لێشاوی کۆچبەران سیاسییە و لەلایەن بێلاڕووسەوە ئاراستەدەکرێت.

Back to top button