به‌ڵگه‌… کۆمەڵی دادگەری پارە لە پاسەوانەکانی دەبڕێت

کۆمەڵی دادگەری کە پێشتر کۆمەڵی ئیسلامی بوو لە کۆنگرەی چوارەمیدا ناوی خۆی گۆڕی، بەبەردەوامی کێشەی لەگەڵ موچەی پاسەوانەکانى هەبووە، بەبیانووی زۆری موچەکەیان لەچاو کارمەندەکانی تریان، تا لەماوەی ساڵانی ڕابردووداو بۆ ماوەی زیاتر لە 16 ساڵ لەسەدا پێنجی موچەکەیانی بەبڕیارێکی حیزبی لێبڕیون.

لەبەر بوونی کێشەو ڕێکخستنی ئەوە پارە بڕینە کۆمەڵ لە ساڵی 2015 دا بڕیاری دروستکردنی مەکتەبی پاسەوانییەکانیدا.

یەکێ لە پاسەوانەکانی کۆمەڵ کە نەیویست ناوی خۆی بڵێ گوتی: پاش دروستکردنی ئەو مەکتەبە کێشەکان زیاتربوون و لێبڕینی لەسەدا پێنج بەردەوامی هەبوو، کە مانگانە دەیکردە نزیکەی 30 ملیۆن دینار، تەنانەت لەکاتی ڕوبعە موچەشدا ئەمان لەسەدا پێنجی موچەی پاسەوانەکانیان ئەبڕی.

سەرچاوەکە ئەوەشی باسکرد، کە پاش ئاشکرابوونی کۆمەڵێ گەندەڵی کە لەو پارە بڕدراوە دەکرا، بەشێک لە پاسەوانەکانی کۆمەڵی دادگەری هەڵوێستیان وەرگرت، یان موچە وەرناگرن یان لەسەدا پێنج نادەن، ئەوەبوو لەسەدا پێنجەکە بەبڕیاری ئەنجومەنی باڵا کرایە تەنها 15 هەزار بۆ هەر پاسەوانێک ،”

ئەو پاسەوانەی کە ناوەکەی لای ئێمە پارێزراوە گوتيشی: ئەو 15 هەزارە بەس بۆ بەڕێکردنی دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بوو، لەگەڵ هەڵبژاردن کۆتایی هات دەستبەجێ بڕیارەکەیان کردە لەسەدا سێ و بە بڕیارێک بەسەر هەموو پاسەوانەکاندا سەپاندیان، ئەگەرچی ئەو بڕیارە ناڕەزایشی لێکەوتەوە، بەڵام گوێ بۆ پاسەوانەکان نەگیرا.”

پاسەوانەکەی کۆمەڵی دادگەری پرسیارێک دەکات: ئایا حکومەت و وەزارەتی ناوخۆ ئاگاداری ئەو پارە بڕینەیە؟

کۆمەڵی دادگەری بۆپارێزگاری لە بنکەو بارەگاو کەسایەتییەکانی لەهەردوو زۆنی زەردو سەوز زیاتر لە پێنجسەد پاسەوانی هەیە، لەدوابڕیاری فەرمی ئەنجومەنی باڵای ئەو حیزبەدا هاتووە کە لەمانگی داهاتووەوە دەبێت هەر پاسەوانێک لەسەدا سێی موچەکەی ببڕدرێت و بدرێت بە حیزب.

Back to top button