عیماد ئەحمەد بۆ مەلا بەختیار: ئەوانەی ژەهریان دەرخواردی تۆ داوە بوودەڵە و نامەردن
عیماد ئەحمەد، لەبارەی ژەهرخواردکردنی مەلا بەختیارەوە، لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بابەتێکی نووسیووە و دەلێ: ” ئەوانەی ژەهریان دەرخواردی مەلا بەختیار داوە بوودەڵە و نامەردن”.
عیماد ئەحمەد، یەکێک لە سەرکردەکانی پێشووی یەکێتی نشتیمانی کوردستان لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی: “بینینی وێنەی مەلا بەختیار لە نەخۆشخانە دوای یەكلابوونەوەی ژەهرخواردكردنی، سەرەڕای ئەوەی پەرۆشی و خەمێكی قووڵ بۆ هاوڕێیەكی تەمەنم سەراپای داگرتم، هەستێكی بەراوردكاریانەی سەیریشی لا دروست كردم”.
ئەو سەرکردەیەی پێشووی یەکێتی هەروەها نووسیوویەتی: “ئەو مەلا بەختیارەی زەبروزەنگی رژێمی داگیركاری عێراق نەیدەترساند و نەیدەتاساند، کەچی ئەوەتا ئێستا ژەهر و خەنجەری خیانەت شەکەتی کردوە و وەک دەردەدارێک لە نەخۆشخانەیە، بۆ من چاوهڕوان کراوبوو گوللهی دوژمن، پیلانی ناحهزانی کورد و یهکێتی بیپێکن، بهڵام ژههرخوازدکردنی داخ و مهراقێکی تره که بۆ من وهکوو شۆکێک وایه و بۆ ئهنجامدهرانیشی پهڵهیهکی رهشی ناپاکییه که قابیلی سپیبوونهوه نییه”.
عیماد ئەحمەد دەشنووسێت: “ئاخر بەڕاست ژەھرخوارکردنی تێکۆشەرێکی وەک مەلا بەختیار بۆچی؟ ئەپرسم ئەو پیاوە گوناهی چی بوو وای لێ بەسەر هات، جگە لە گوناهی سیاسەتكردن و كوردایەتی و پێشمەرگایەتی چ گوناهێكی تری كردووە؟ ئاخر ئەو هەموو عومری لە خەبات و تێكۆشان لە رێبازی شەهاب و ئارام و مام جەلال بەسەر برد، وەكوو داربەڕویەكی چەسپاوی چیاكانی ئەو كوردستانە بەرگری لە میللەتەكەی و یەکێتییهکەی كرد، کەچی ئێستا لەبری پاداشت، بە ژەهر و بەخەنجەری بێ وەفایی ھەوڵی لەناوبردنی دەدرێت”.
دەشلێت: “ئەوەی ئێستا بۆ من مایەی داخ و ناسۆرە ئەوەیە من لەم وێستگەیە ناتوانم راستەوخۆ شتێك بۆ مەلا بەختیاری برا و ھاوڕێم بكەم، ناتوانم وەكو رۆژانی گەنجی و تەمەنی شۆڕش و پێشمەرگایەتی ئازار و ناسۆرەكانی لەگەڵ بەش بكەم، بۆیە پێی دەڵێم: ھاوڕێم ، تۆ بەم ژەھرەش ھەر بە سەربەرزی دەمێنیتەوە، دەستی نامەرد ناگاتە کێوی شکۆمەندیی تۆ، ئەوان بوودەڵە و تۆش بوێر، تۆ جوامێر و ئەوانیش ناپاک لەبەردەم خەڵک و خودا و مێژوو”.