پێنجوێن: چەكدارانی پەكەكە سەرانە بە زۆر لە خەڵكی ناوچەكە وەردەگرن

خواكوڕك پێنجوێن تایبەت / تەواوی ئەو دەروازە نافەرمیانەی لە سنووری قەزای پێنجوێن و كوردستانی ڕۆژهەڵات هەیە و خەڵكی ناوچەكە كاری تێدادەكەن، چەكدارانی پەكەكە بازگەی نایاسایی گومرگیان داناوە و بەزۆرە ملێ سەرانەیان لێ وەردەگرن و هیچ كەسیش بۆی نییە بڵێ ئامادەنیم پارە بدەم.

لە هەرسێ دەروازەی نافەرمی چەمی سپیار و گوند سیاگوێز و میشەر، چەكدارانی پەكەكە بازگەی نایاساییان داناوە و ڕۆژانە سەرانە لە خەڵكی كاسبكاری ناوچەكە وەردەگرن،هەر كاسب كارێكیش ئەگەربێت و ئاماددە نەبێت پارە بە چەكدارانی پەكەكە بدات ئەوە سەرباری ئەوەی بە زۆر لێ وەردەگرن زۆریشی ئەزیەت دەدەن.

هاوسەر كەریم، خەڵكی یەكێك لە گوندەكانی پێنجوێن، بۆ ده‌زگاى میدیایی خواكوڕك گوتى،” ئێمە لە ڕێگەی ئەم ده‌رگا نافەرمیانەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران ڕۆژانە كاردەكەین بۆ ئەوەی قوتی ماڵ و منداڵەكانمان پەیدا بكەین، بەڵام چەكدارانی پەكەكە بەزۆر پارەمان لێ وەردەگرن و هیچ ناڕەزایەتێكیش قبووڵ ناكەن، دەبێت بە زۆر پارەیان پێبدەین.

ناوبراو زیاتر گوتى،” لە هەربازگەیەكی پەكەكە بەناوی گومرگ دایان ناوە و، ئێمە ناومان ناوە سەرانەی بەزۆر، لە شەش چەكدار زیاتر دەبن، كاتێك ئەو كاڵا و پەلەوەر و ڕەشە وڵاخ و مەڕ و ماڵاتانەی هاوردەیان دەكەین ڕامان دەگرن و سەرانەی خۆیان لێمان وەردەگرن.”

ئەو كاڵا و مەڕوماڵاتانەی بازرگانیان پێوە دەكرێت،پێكهاتوون لە ڕەشە وڵاخ و بزن و مەڕ و قەل و نەعامە، لەگەڵ چەند كاڵایەكی تر، بووەتە سەرچاوەیەكی داهات بۆ خەڵكی سنوورەكە بەڵام پەكەكە سەرانەی لەسەر داناون.

سڵێمان ئەحمەد، یەكێكی ترە لەو كەسانەی بازرگانی دەكات بە مەڕ و بزن و ڕەشە وڵاخ بە میدیایی خواكوڕكى راگه‌ياند:” ئەگەر بێت و چەكدارانی پەكەكە سەرانەمان لێ وەرنەگرێت ئەوە داهاتێكی باشمان دەست دەكەوێت، بەڵام بەشێكی زۆری ئەو پارەی لە قازانجی كارەكەمان دەستمان دەكەوێت، چەكدارانی پەكەكە لێمان دەسێنن.”

ئەحمەد دەشڵێ:” پاسەوانی سنوور جارجار ڕێگریمان لێدەكەن بەڵام چاوپۆشیشمان لێدەكەن تاكو بتوانین كاری خۆمان بكەین، بەڵام نەیان توانیوە ڕێگری لە چەكدارانی پەكەكە بكەن لە دانانی بازگەی گومرگی و، وەرگرتنی پارە لە ئێمە هیچ دەسەڵاتێكیان بەسەر چەكدارەكانەوە نییە.”

به‌پێ ى زانيارييه‌كانى ده‌زگاى ميديايى خواكوڕك چەكدارانی پەكەكە لە ڕێگەی بازگەكانی وەرگرتنی سەرانە بەم شێوەیە پارە لە كاسب كاران وەردەگرن، سەری ڕەشە وڵاخ 25 هەزار دینار هەرسەری بزن یان مەڕ 10 هەزار دینارە،قەل 5 هەزار دینار و نەعامە 10 هەزار دینار.

Back to top button