ئەنجوومەنى پارێزگاى دهۆك دەنگی لەسەر بەربژێری بەڕێوەبەری ناحیەكانی كانی ماسێ و سەرسنگ دا
ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك كۆبوویەوە و بە دەنگدان ناوی هەردوو بەڕێوەبەری ناحیەكانی كانی ماسێ و سەرسنگی لە سنووری قەزای ئامێدی پەسند كرد.
جەمیلە محەمەد، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاندووه، ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك كۆ بوویەوە و بەربژێری بەڕێوەبەری هەردوو ناحیەی كانی ماسێ و سەرسنگ لە سنووری قەزای ئامێدی بە دەنگی 21 ئەندامی ئامادەبووی ئەنجوومەن پەسەند كرا.
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك، لەبارەی ئەو دوو كەسەی كە دەنگیان لەسەر درا، رایگەیاند، هەر یەك لە رێبەر سادق مستەفا بەرگارەیی وەكو بەڕێوەبەری ناحیەی سەرسنگ و ساڵح مەلا حەمدی عەبدولمەجید وەكو بەڕێوەبەری ناحیەی كانی ماسێ دەنگیان لەسەر درا.
ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك، پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ناوی بەشێك لە بەڕێوەبەری ناحیە و قایمقامەكانی سنووری پارێزگای دهۆكی پەسندكرد بوو، چاوەڕێ دەكرێت لە ماوەیەكی كەمدا گۆڕانكاری لە ژمارەیەك پۆستی دیكەی حكوومەتی خۆجێیی دهۆكدا بكرێت.