وەزارەتی تەندروستی له‌رۆژى جيهانى شه‌كره‌: لە هەرێمی كوردستان دەیان هەزار تووشبووی نەخۆشی شەكرە تۆماركراون

وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان به‌بۆنه‌ى رۆژى جيهانى نه‌خۆشى شه‌كره‌ رايده‌يگه‌ينێت: لە هەرێمی كوردستان بە گشتی دەیان هەزار تووشبووی نەخۆشی شەكرە لە سەنتەرەكانی چارەسەری تووشبووان تۆماركراون بە ئاوارە و بیانیەكانیشەوە.

له‌ راگه‌يێندراوێكدا وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كه‌ ئه‌مرۆ يه‌كشه‌ممه‌ بڵاويكردەوە تێدا هاتووه‌،” رۆژی جیهانی نەخۆشی شەكرەی ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵانی پێشوو گرنگییەكی تایبەتی پێدەدرێت بەوەی كە لەم دوو ساڵەی دواییدا، پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرۆكی جیهانی گرتووە.

وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئەوەشى خستۆته‌ روو: “ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوە دەكات كە ئێستا زیاتر لە 420 ملیۆن توشبووی نەخۆشی شەكرە لە جیهاندا هەیە وە هۆكاری زیادبوونی بۆ بەرزبوونەوەی دێژەی قەڵەوی و خۆراكی ناتەندروست و كەم وەرزشی دەگەڕێننەوە”.

وەزارەتی تەندروستی له‌راگه‌يێندراوه‌كه‌ى ده‌شلێ:” نەخۆشی شەكرە هۆكارێكی سەرەكییە بۆ لەدەستدانی بینین و پەككەوتنی كرداری گورچیلەكان و هەردوو نەخۆشی جەڵتەی دڵ و دەماغ و چەندین نەخۆشی دیکە كە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ كاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە.

وەزارەتی تەندروستی دووپاتی كردووەتەوە کە گرنگییەكی تایبەتی بە نەخۆشی شەكرە دەدات هەم لەڕووی چارەسەری و لەهەمانكاتیش بڵاوكردنەوەی هۆشیاری تەندروستی بە بەردەوام بۆ كەمكردنەوەی رێژەی توشبوونی هاووڵاتیان بەم نەخۆشیە درێژخایەنە، سەڕەڕای بوونی سەنتەر و نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەری توشبوانی نەخۆشی شەكرە لە زۆربەی شارو دەڤەرەكان لەهەرێمی كوردستان و دابینكردنی كەلوپەل و دەرمان و پێداویستی پزیشكی بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەركردن بەڵام توشبوانی نەخۆشی شەكرە هاوشێوەی جیهان ڕوو لە زیادبوونە بەهۆی ئەو هۆكارانەی كە ئاماژەکران. لەهەرێمی كوردستان بە گشتی دەیان هەزار توشبووی نەخۆشی شەكرە لە سەنتەرەكانی چارەسەری تووشبوان تۆماركراون بە ئاوارە و كەسانی بیانیشەوە”.

له‌كۆتايى راگه‌يێندراوه‌كه‌شى دا، وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتیان دەكات بۆ ئەوەی بە دووربن لە نەخۆشی شەكرەو زیانەكانی، پێویستە ڕەچاوی چەند ڕێکارێکی گرنگ بكەن وەكو خواردنی تەندروست و رێگریكردن لە قەڵەوی و وەرزشكردن و دووركەوتنەوە لە جگەرەو نێرگلەكێشان كە بە هۆكاری گرنگ دادەنرێت بۆ توشبوون بە نەخۆشی شەكرە بە تایبەت جۆری دووەم.

Back to top button