نێچیرڤان بارزانی: له‌عێراق فاكته‌ری ئاشتی و سه‌قامگیری ده‌بین

بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان ،کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک ده‌ستی پێكرد .

ئەمڕۆ سێشەممە 16ی نۆڤێمبەری 2021 کاتژمێر 9:00 بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆماری عێراق بەرهەم ساڵح و سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک ده‌ستی پێكرد.

له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتارێكی پێش كه‌ش كرد و رایگه‌یاند: خۆشحاڵم بابه‌تی ئاشتی و ئاسایش ئێمه‌ی كۆكردووته‌وه‌ ، ئه‌مڕۆ رۆژی جیهانی لێبورده‌ییه‌ ، هیوادارم هه‌موومان كلتووری پێكه‌وه‌ ژیان و لێبورده‌یی فراوانتر بكه‌ین.

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند: ئاشتی واتا نه‌بوونی جه‌نگه‌ ، ئاسایش هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیان ده‌گرێته‌وه‌. دەمەوێت زۆر سوپاسی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک و رێکخەرانی بکەم بۆ هەڵبژاردنی ئەم بابەتە گرنگە، هیوادارم ئەم كۆڕبه‌نده‌ سەرکەوتن بەدەستبهێنێت
گوتیشی: لەم قۆناغەدا بردنەوەی ئاشتی و پاراستنی ئاشتی و سەقامگیر تەحەدایەکی زۆر گەورەیە و بەرپرسیاریێتی هاوبەشە بۆ هەموو ئەو گەلانەی لە ناوچەکەدا دەژین.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی گوتاره‌كه‌یدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند: لە عێراق جەنگێکی نەخوازراومان لە دژی تیرۆریستانی داعش ئەنجام داوە، هێشتا هۆكاره‌كانی سه‌ر هه‌ڵدانی داعش بنبڕنه‌كراون، لەسەر زەوی شتێک بەناوی خەلافەتی ئیسلامی داعش نەماوە.
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند: ئەم سەرکەوتنە بەسەر داعش پەیامێکمان دەداتێ کە بەدەستهێنانی ئاسایش پێویستی بە هاوکاری هەموولایەک هەیە.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: کورد نابێ لە وڵاتانی ناوچە جیابکرێنەوە، دەبێ جێگەیان بکرێتەوە لە وڵاتاندا ، دەبێت کورد بەپێی سەنگی خۆی بەشداریی پێبکرێت، بواری پێبدرێت لە دروستکردنی بڕیاردا و هاوبەش و بەشداربێت.

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایش پێویستی به‌كاری هاوبه‌ش هه‌یه‌ ، سیسته‌می ئاسایشی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست سیسته‌مێكی گرێدراوه‌ .
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر وڵاتان ده‌ره‌كی نین ، به‌ڵكو ناوخۆیین.

گوتیشی: پێویسته‌ هه‌ر وڵاتێك له‌ چوار چێوه‌ی سنووری خۆیدا چاره‌سه‌ری هه‌ڕه‌شه‌كان بكات.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌ركی فارس و تورك و عه‌ره‌به‌ ده‌بێت مافی كورد و پێكهاته‌كانی دیكه‌ بده‌ن ، نابێت كورد له‌ عێراق و توركیا و سوریا په‌راوێز بخرێت.

نێچیرڤان بارزانی راشیگه‌یاند: ده‌بێت ئاوڕێكی جددی له‌ داواكارییه‌كانی خه‌ڵك بدرێته‌وه‌ و ئاواره‌كان ده‌بێت بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ زێدی خۆیان.

له‌ كۆڕبه‌ندی ئاشتی و ئاشایشتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست كه‌ له‌ زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له‌ دهۆك به‌رێوه‌ده‌چێت، هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆككۆماری عێراق ، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم ، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم ، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌ باڵاكانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و شاره‌زایانی ئه‌كادیمی به‌شدارن و ووتاریان ده‌بێت.

كۆڕبه‌نده‌كه‌ ئەمڕۆ ده‌ستپی پێكردووه‌ و سبه‌ی چوارشه‌ممه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت.

Back to top button