له ههولێر كۆبوونهوهیهكی تایبهت بە پرسى کۆچ و کۆچبەران ئەنجامدرا

پارێزگاری ههولێر ڕایگهیاند، كه بهئامادهبوونی بەرپرسانى UNHCR و IOM و ETTC، سەرپەرشتى کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە پرسى کۆچ و کۆچبەرانی كردووه، بەتایبەتى دۆخی ئەو كۆچبەرە کوردانەى کە لە سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا گیریانخواردووە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر ڕایگهیاندووه: سەرلەبەیانى ئەمڕۆ سێشەمە 2021.11.16، لەدیوانى پارێزگا، بەئامادەبوونى بەرپرسانى UNHCR و IOM و ETTC، سەرپەرشتى کۆبوونەوەیەکى تایبەتمان کرد بە پرسى کۆچ و کۆچبەران، بەتایبەتى دۆخی ئەو كۆچبەرە کوردانەى کە لە سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا گیریانخواردووە.
ئاماژهی بهوهش كردووه: لەکۆبوونەوەکەدا، تیشکمان خستە سەر پرسى کۆچ و کۆچبەران، بەتایبەتى ئەو کۆچبەرە کوردانەى کە لەسنوورى نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا گیریان خواردووە و نیگەرانیی خۆمان سەبارەت بە بارودۆخی سەختى ئەو هاووڵاتییانەی کوردستان راگەیاند و داوامان کرد پێویستە بەهەموو لایەکمان بەشێوەیەکى زانستى له هۆكارهكانی كۆچكردن بكۆڵینهوه و بەهەماهەنگى بەڕێوەبەرایەتى کۆچ و کۆچبەران و ڕووبەرووبوونەوەى قەیرانەکانى پارێزگاى هەولێر EJCC، ڕاپۆرتێک ئامادە بکەین و لەو ڕاپۆرتەشدا خوازیارین شوێن پەنجە UNHCR و IOM و ETTC پێوە دیار بێت، وەکو پاریزگاى هەولێریش هەموو هاوکار و هەماهەنگیەکتان پێشکەش دەکەین.
ئومێد خۆشناو لهبارهی گەڕاندنەوەی ئارەزوومەندانەی ئەو کۆچبەرانەى کە لە سنوورەکانی بێلارووس و پۆڵندا گیریان خواردووە و هەموو ئەوانەشى لەوڵاتانى ترن و خواستیان لەسەر گەڕانەوەیە و بەبێ ئەوەى هیچ کەسێک بە زۆر ناچار بە گەڕانەوەیان بکات، دووپاتی كردهوه: حكوومهتی ههرێمی كوردستان لهخهمی ئەو كۆچبهراندایه و نیگەرانە لە بارودۆخی ئەو هاووڵاتییە کوردانە و ههموو ئهوانهشی کە ئێستا لە سەر سنوورەکانی بێلاڕووس و پۆڵەندا گیریان خواردووە، ئێمە ھەڵگری ئازارەكانی ئەوانین، لەھەوڵى بەردەوامداین بۆ چارەسەرکردنى كێشەكانیان، باشکردنی دۆخی ئەوکۆچبەرانە بەرپرسیاریەتی ههموو لایەکمانە و دەبێت ڕێگە لەوە بگرین و چیتر نەهێڵین هاوڵاتییانى ئێمە لەلایەن قاچاخچی و بازرگانانی مرۆڤ و تۆڕە دهرهكییەکان فریوبدرێن، بۆیە داواکارین لە گەڵ ئێوەى بەڕێز کار لەسەر ئەوە بکەین و سەلامەتی و ئاسایشی ئەو هاووڵاتییانەمان ببپارێزین.