سه‌رۆكی هه‌رێم: ده‌وڵه‌تی كوردستان دروست ده‌بێت و كۆتایی سایكس-بیكۆ نزیكه‌

خواكوڕك

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، مێژوو سه‌لماندوویه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی به‌زۆر لكێنراون به‌یه‌كتریه‌وه‌ ناتوانن سه‌ركه‌وتوو بن و به‌مشێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌ و نموونه‌ به‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ڕوخانی وڵاتانی چێك، سلۆڤاكیا و یوگۆسلاڤیا دێنێته‌وه‌.

مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانی دیدارێكی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌یه‌كی ئیتاڵی رایگه‌یاند، ئەزموونی بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات لەپاش 2003 ەوە شکستی هێناوە، عێراق دابه‌ش بووه‌ به‌سه‌ر هه‌ردوو مه‌زهه‌بی شیعه‌ و سونه‌، ته‌نها كورد له‌و نێوانه‌دا باجی ناكۆكیه‌كانی ئه‌وان ده‌دات.

بارزانی ده‌شڵێت، كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ ناوچه‌یه‌كی ئارام دروست ده‌كات له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و کۆمەڵگەی كوردی لە سەر بنچینەی سەروەری یاسا، رێزگرتن لە بەها دیموکراسییەکان و پێکەوەژیان لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکان و فره‌ حزبی و ئاینی په‌روه‌رده‌ كراوه‌.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیمانه‌كه‌دا سه‌رۆكی هه‌رێم ئاماژه‌ به‌ هه‌ندێك لایه‌ن ده‌دات كه‌ ده‌یانه‌وێت عێراقی یه‌ك پارچه‌ بمێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێت، سونه‌ و شیعه‌ به‌ درێژایی ١٤٠٠ ساڵ شه‌ڕی یه‌كتری ده‌كه‌ن و تا ئێستاش به‌رده‌وامن، واقیعی ئه‌مڕۆی عێراق نیشانی ده‌دات، كه‌ ئه‌م وڵاته‌ دابه‌ش بووه‌ و پێویستی به‌ ڕێگه‌چاره‌یه‌كی نوێیه‌.

Back to top button