وەزارەتی کارەبا: دۆخی کارەبا له كوردستان ئاسایی دەبێتەوە
وهزارهتى كارهباى حكومهتى ههرێمى كوردستان دهلێ: بەهۆی پرۆسەی چاکسازی (صیانه) و گرفتی تەکنیکی بڕی پێدانی کارەبا کەمبووەتەوە.
وەزارەتی کارەبا لە راگەیاندراوێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاویکردووەتەوە: “لەبەر وەستانی چەند یەکەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا بەهۆی پرۆسەی چاکسازی (صیانه) و روودانی گرفتی تەکنیکی بڕی پێدانی کارەبا کەمبووەتەوە”.
ئەوەش خراوەتە روو:”کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و باشتر کردنی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا و ئاسایی بوونەوەی دۆخی کارەبا سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی لە وەزارەت کرد باسی ئەم خاڵانەی خوارەوە کرا:
– 140 مێگاوات کارەبا لە وێستگەی خۆرمەلە زیاد دەکرێت.
– تا کۆتایی ئەم هەفتە یەکەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی خەبات بەکار دەخرێت.
– پرۆسەی چاکسازی لە دوو یەکەی وێستگەکانی کۆمپانیای ماس تەواو دەبن.
– پڕۆژەی جێبەجێکردنی پێوەری زیرەک خێراتر دەکرێت.
وەزارەتی کارەبا تا کۆتایی ئەمساڵ چەند پڕۆژەیەکی دانانی وێستگەکانی مۆبایل و راکێشانی گواستنەوەی کارەبا تەواو دەکات.