سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: کۆمسیۆن لەسەر بنەمای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 دروستدەکرێتەوە

 

 

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، فراکسیۆنەکەیان پشتیوانی لە پێکهێنانەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و راپرسی هەرێم دەکات بەجۆرێک پشکی حزبەکان لەئەنجومەنی کۆمسیاراندا له‌سه‌ر بنه‌ماى هه‌ڵبژاردنەکانی ساڵی 2018ی په‌رله‌مان دیاریبکرێن، بۆیە داوا دەکەن پەرلەمان لەدروستکردنەوەی کۆمسیۆندا پەلە بکات.

زانا مەلا خالید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەری فەرمی پارتی راگەیاندووە، گۆڕانکارى له‌ ته‌شیکله‌ى ئێستاى کۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان بووه‌ به‌ ئه‌مرى واقع، چونکه‌ له‌ ڕووى یاسایییه‌وه‌ واده‌که‌ى به‌سه‌ر چووه، هه‌روه‌ک چۆن ئه‌م کۆمسیۆنه‌ له‌ ڕابردوو لەسه‌ر بنه‌ماى ئیستحقاقى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان دابه‌ش کرا، ئێستاش پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌ماى هه‌ڵبژاردنى 2018ی په‌رله‌مان جارێکى دیکه‌ کۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسى دروست بکرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى هیچ بیانوویه‌ک نه‌مێنێت بۆ به‌ڕێوه‌نه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان له‌ کاتى خۆیدا، پارتییش به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک له‌و ڕووه‌وه‌ هاوکار ده‌بێت، ئه‌مه‌ ڕوئیاى ئێمه‌یه‌ به‌ڕوونى.

ئاماژەی بەوەشکردوە، هیچ ده‌قێکى یاسایى نییه‌ که‌ ڕێگه‌ به‌وه‌ بدات کۆمسیۆنى ئێستا درێژه‌ به‌ کاره‌کانى بدات، بۆیه‌ هه‌رچى زووه‌ ده‌بێت ئه‌م بابه‌ته‌ یه‌کلایى بکرێته‌وه‌، چونکه‌ که‌متر له‌ ساڵێکى ماوه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى خولى داهاتووى په‌رله‌مانى کوردستان، ئه‌وکاتیش کۆمسیۆن پێوستى بە شه‌ش مانگ ده‌بێت تاوه‌کوو بتوانێت ته‌واوى ئاماده‌کارییه‌کانى خۆى بۆ هه‌ڵبژاردن ته‌واو بکات، واته‌ ده‌بێت تا مانگى 2 یان 3ی ساڵى داهاتوو کۆتایى به‌م پرسه‌ هاتبێت.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی خستوەتەڕو، هه‌ر بۆ هه‌مان مه‌به‌ست سبه‌ى ته‌واوى فراکسیۆنه‌کان و سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مان کۆ ده‌بنه‌وه‌.

Back to top button