موقتەدا سەدر: پێویستە سەرجەم گرووپە میلیشیاکان هەڵبووەشێنرێنەوە

ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند، پێویستە هەموو گرووپە میلیشیاکان هەڵبووەشێنرێنەوە و چەکەکانیان ڕادەست بکەن، لە قۆناغی یەکەمیشدا لە حەشدی شەعبییەوە دەست پێ بکرێت و چیتر ناوی ئەو گرووپە لە بواری سیاسیدا بەکار نەهێنرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-11-2021، موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر  لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دۆخی ئاڵۆزی عێراق لە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران رايگه‌ياند: نابێ شکست هێنانتان ببێتە سەرەتایەک بۆ تێکدانی دۆخی عێراق و شکستهێنان دیموکراسی، پێویستە بەخۆتان دابچنەوە تا متمانەی گەل بەدەست بهێننەوە و ئەوەی ئێستا ئەنجامی دەدەن مێژووتان لەناو دەبات و ڕقی گەل بەرامبەرتان زیاد دەکات.

سەدر ڕاشیگەیاند: لێپرسینەوە لە ئەندامانی ئەو لایانەنە دەکرێت کە ئەندامەکانیان تێوەگلاون لە گەندەڵی و گومانیان لەسەرە، پێویستە ڕادەستی دادگەیەکی بێگەرد و بێلایەن بکرێن بۆ هەڵوەستکردن لەسەر ڕاستییەکان و پێویستە حەشدی شەعبی خاوێن بکرێتەوە لە ئەندامە نا کۆنتڕۆڵ کراوەکان، هەروەها ناونەهێنانی گرووپەکە و ڕانەکێشانی بۆ ناو بواری سیاسەت.

سه‌در ڕاشیگەیاند: کۆتایی بهێنرێت بە هەموو پەیوەندییەکان لەگەڵ دەرەوە بەشێوەیەک تەنها لە ڕێی لایەنە دیپلۆماسی و فەرمییەکانەوە بێت، بۆ ئەوەی سەروەری عێراق بپارێزرێت.

هەروەها موقته‌دا سه‌در گوتيشى: پێویستە هەموو گرووپە میلیشیاکان هەڵبوەشێنرێنەوە بە یەکجار و ڕادەستکردنەوەی چەکەکانیان وەکو قۆناغی یەکەم لە حەشدی شەعبییەوە دەست پێ بکرێت، لە ڕێگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق.

باسى له‌وه‌شكرد:”هێزی مەزهەب لەوە نابێت کە ناکۆکییە تائیفییەکان بسەپێنرێن وەکو ئەوەی لە مووسڵی بریندارەوە جێبەجێ دەکرێت بەناوی جیهادەوە، دەبێت به‌ خێرایی سنووری بۆ دابنرێت.”

له‌ كۆتايى قسه‌كانيدا، سه‌در ئاماژەی بەوەش کرد کە وەک یەکەم جێبەجێکاری ئەمانە بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو خاڵانەی خستییەڕوو، گوتیشی: ئەگەر ڕازی بوون لەسەر ئەوانەی وتم ئەوکات دەبین بە هاوبەش لە پڕۆژەی چاکسازیدا کە مەرجەعییەت و گەل داوای کردووە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، ئەوکات پێکەوە پێشەوایەتی دەکەین بۆ چاکسازی و بونیاتنانەوە بەبێ توندوتیژی.

 

Back to top button