حكومه‌تی هه‌رێم، له‌ڕێگه‌ی ئەم پڕۆژەیهوە، ده‌یه‌وێت گرفتی دابینکردنی ئاوی پاک لە دەربەندیخان، چاره‌سه‌ر بكات.
سێکتەرەکانى ئاو و کارەبا و کشتوکاڵ و پیشەسازى لە سێکتەرە هەرە گرنگەکانى کابینەى نۆیه‌مى حکومەتى هەرێمى کوردستانن و پڕۆژەکانى تایبەت بە سێکتەری ئاویش لەبەر پێویستى ڕۆژانەیی خەڵک پێیان، زیاتر گوڕ و خێراییان پێ دەبەخشرێت و زوو جێبەجێ دەکرێن. هەر بۆیە چه‌ندین پڕۆژەی جیاجیا له شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام دراوه.
قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان كه ده‌كه‌وێته ٦٨ كیلۆمه‌تری باشووری شارى سلێمانی، ڕووباری سیروان له خۆرهه‌ڵاته‌وه و ڕووباری دێوانه له خۆرئاواوه ده‌وره‌یان داوه. ئەم قەزایە لەم چەند ساڵەی ڕابردوو گرفتی ئاوی پاكی هەبووە، بۆیه حكومه‌تی هه‌رێم له ڕێگه‌ی پڕۆژە‌یه‌كه‌وه ده‌یه‌وێت ئه‌م كێشه‌یه به شێوه‌یه‌كی بنه‌بڕ چاره‌سه‌ر بكات كه ئه‌ویش پڕۆژهەی ئاوی ده‌ربه‌ندیخانه.
به‌ختیار تاهیر سه‌رپه‌رشتیار و به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی ده‌وروبه‌ری پارێزگاى سلێمانی، سه‌باره‌ت به گرفتی كه‌مئاوی و ئه‌و كێشانه‌ی له ده‌ره‌نجامی نه‌بوونی ئاوی پاك له‌م ناوچه‌یه دروست بووه، بە فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری گوتووه:” ماوه‌یه‌كی زۆره دانیشتووانی ده‌ربه‌ندیخان به‌ده‌ست كه‌مئاوی و پیسیی ئه‌و ئاوه‌ی له ده‌ربه‌ندیخان هه‌یه ده‌ناڵێنن و ئه‌مه‌ش بۆته یه‌كێك له گرفته سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه، بۆیه ئێمه پێویستیمان به‌وه بوو كه پڕۆژەیهك لێره ئه‌نجام بدرێت تا ئه‌م خه‌ڵكه له‌م كێشه‌یه ڕزگاری بێت، لەمێژ بوو بەردى بناغەى پڕۆژەی ئاوی ده‌ربه‌ندیخان دانرابوو، به‌ڵام به چه‌ند هۆكارێك كاركردن تیایدا وه‌ستابوو، بە خۆشییەوە لە كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت كاركردن له‌م پڕۆژەیه ده‌ستی پێ كرده‌وه كه ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌وه بووه خەڵک ڕزگارى بێت لەو ئاوه‌ی لێره هه‌یه پیسه و به كه‌ڵكی خواردنه‌وه و به‌كارهێنان نایه‌ت.
پڕۆژەیه‌كی ته‌واو به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه:
سه‌باره‌ت به پێكهاته و به‌شه‌كانی ئه‌م پڕۆژەیه، به‌ختیار تاهیر سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆژەکە گوتی: پڕۆژەی ئاوی ده‌ربه‌ندیخان وەک پڕۆژەیەکى کامڵ و بێ كه‌موكوڕی تەواو ده‌بێت و پاڵاوتنی ئاوەکە تیایدا سوودی ئێ‌كجار زۆری بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه بەدواوە دەبێت.
پڕۆژەى ئاوی ده‌ربه‌ندیخان له دوو به‌شی سه‌ره‌كی پێك دێت:
به‌شی یه‌كه‌م: وه‌رگری سه‌ره‌كی ئاو كه ئه‌مانه‌ی خواره‌وه له‌خۆ ده‌گرێت:
ـ حه‌وزێكی ١٥٠٠ مەتر چوارگۆشو
ـ ژوورێكی تایبه‌ت به ماتۆڕ
ـ ژووری كاره‌با
ـ ژووری كلۆر
ـ بورجی به هه‌واكردنی ئاو
ـ هێڵێكی گواستنه‌وه له نێوان هه‌ردوو به‌ش، به تیره‌ی ٢٠ ئینج و درێژی ٢٣٠٠ مەتر کە به كار دێت بۆ گواستنه‌وه‌ی ئاو له وه‌رگره‌وه بۆ به‌شی پاككه‌ره‌وه.
به‌شی دووه‌م: به‌شی پاككه‌ره‌وه‌ی ئاو کە ئەم بەشەیش به‌م شێوه‌یه كار ده‌كات:دوای ئه‌وه‌ی ئاوه‌كه به ڕێگه‌ی بۆڕی گواستنه‌وه وه‌رده‌گیرێت، دواتر ده‌چێته حه‌وزێكی تایبه‌ت كه به مه‌به‌ستی نیشتاندنی ١٠٠٠ مەتری چوارگۆشه ئاو دروست كراوه، ئینجا ده‌چێته ژووری ماتۆڕ و به هیڵێكی ٥٠ سانتیمەتری ده‌به‌سترێته‌وه به یه‌كه‌ی سه‌ره‌كی پاككردنه‌وه‌ی ئاوه‌كه.
یه‌كه‌ی سه‌ره‌كی پاككردنه‌وه‌ی ئاوه‌كەش له دوو به‌ش پێك دێت:
ـ به‌شێكیان كه سانت فیلته‌رە و پاشماوه و خڵته و لیكی ئاوه‌كه كه‌م ده‌كاته‌و.
ـ به‌شه‌كه‌ی تریشیان كاربۆن فیلته‌رە كه بۆن و تام و ڕەنگی ئاوه‌كه ناهێڵێت و پاكی ده‌كاته‌وه.
به‌ر له‌وه‌ی ئاوە پاككراوه‌کە بدرێته هاووڵاتیان، پێویستە به ژووری تایبه‌ت به پشكنینی كیمیایی تێپه‌ڕێت و دوای پشكنینه‌كه دەکرێتە حه‌وزێكی ٢٠٠٠ مەتر چوارگۆشەوە و له‌وێشه‌وه ده‌درێته هاووڵاتیان.
١٠٠% خواستی خه‌ڵك پڕ ده‌كاته‌وه:
به ته‌واوبوونی ئه‌م پڕۆژەیه، دانیشتووانی ده‌ربه‌ندیخان ئیدی كێشه‌ی كه‌مئاوییان نامێنێت، چونكه گرفتی هه‌ره سه‌ره‌كی له‌م ناوچه‌یه نه‌بوونی ئاوی پاكه بۆیه له ئێستادا هاووڵاتیان سێ ڕۆژ جارێك ئاویان دێت، ئه‌م پڕۆژەیه له توانایدایە له كاتژمێرێكدا ١٠٠٠ مەتر سێجا ئاوی پاك به‌رده‌ست بخات و بیپاڵێوێت و كێشه‌ی ١٢ هەزار هاوبه‌شی ئاو چاره‌سه‌ر بكات. ئه‌مانه هه‌مووی ده‌وه‌ستێته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، گوژمه‌ی پێویست بۆ ئه‌م پڕۆژەیه ته‌رخان بكات تا له‌ماوه‌ی ساڵێكدا بخرێته خزمه‌تی دانیشتووانی ده‌ربه‌ندیخان.
گوژمەى پڕۆژەکە:
پڕۆژەی ئاوی ده‌ربه‌ندیخان كه بۆ پاڵاوتنی ئاوی ده‌ربه‌ندیخان دروست كراوه و دواتر به شێوه‌یه‌كی پاڵاوته‌كراو و پاككراوه له ڕێگه تۆڕی ئاوه‌وه دابه‌شی سه‌ر دانیشتووان ده‌كرێت، بڕی گوژمه‌ی ١٩.٧ ملیۆن دۆلاری بۆ ته‌رخان كراوه و تا ئێستا ٥٥%ی پڕۆژەكه ته‌واو بووه.
خه‌ڵكی ناوچه‌كه خوازیاری ئه‌وه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌واوی گوژمه‌كه بۆ ئه‌م پڕۆژەیه خه‌رج بكات تا له نزیكترین كات كاره‌كانی ته‌واو ببێت و خه‌ڵكیش لێی سوودمه‌ند بن.