
موقتەدا سەدر لیوایەکی حەشدی شەعبی هەڵدەوەشێنێتەوە
رێبەری رەوتی سەدر لە عێراق رایگەیاند، “وەک پێشاندانی نیازپاکییەک، لیوای یەومولمەوعوود هەڵدەوەشێنمەوە و بارەگاکانی دادەخەم؛ بۆیە هیوادارم ئەم هەنگاوە ببێتە دەستپێکی هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان”.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر ئەمڕۆ هەینی 19-11-2021 لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند: لیوای یەومولمەوعوود “پێشتر چەکەکانیان رادەستی سەرایای سەلامی پێشوو کرد کە ئێستا لە سامەڕایە و ناوی لیواکانی (313، 314، 315)ی لێنراوە؛ ئەگەرنا فەرمانم پێدەکردن چەکەکانیان رادەستبکەن و ئەوانیش گوێڕایەڵ دەبوون، چونکە ئەوان هێشتا دڵسۆزی ئێمە و نیشتمانەکەیانن”.
رێبەری رەوتی سەدر دەشڵێت، “ئەگەر (لیوای یەومولمەوعوود چەکی لامابێت) دەبێ لە 48 کاژێردا رادەستی بکات؛ هیوادارم ئەم هەنگاوە ببێتە دەستپێکی هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و رادەستکردنی چەکەکانیان و داخستنی بارەگاکانیان، هاوکات هیوادارم ئەمە پەیامێکی ئارامی و ئاشتی بێت بۆ هەموو گەل”.
ئەم بڕیارەی موقتەدا سەدر دوای تویتێکی ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسی ئەمنیی یەکینەکانی حیزبوڵڵای عێراق هات، کە دوێنێ پێنجشەممە 18/11/2021 وەڵامی داواکارییەکی موقتەدا سەدری تایبەت بە رادەستکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق بە دەوڵەت و پاککردنەوەی حەشدی شەعبی لە کەسە ناکۆنترۆڵکراوەکان دایەوە.
ئەبو عەلی عەسکەری لە تویتەکەیدا گوتی، پێشوازی لە گوتاری رادەستکردن یا هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت دەکەم؛ لە پێناو جیبەجێکردنی ئەوەش پێویستە ئەو لایەنەی ئەو داوایە دەکات خۆی یەکەم لایەن بێت چەکەکان رادەستبکات، بەتایبەت چەکە قورسەکان؛ هەروەها بەرپرسیارێتی هەموو لیواکانی بۆ سەرکردایەتیی حەشدی شەعبی بگوازێتەوە”.
رێبەری رەوتی سەدر، دوێنێ پێنجشەممە 18-11-2021 لە گوتارێکدا کە لە نەجەف پێشکێشی کرد، گوتی: “ئەو لایەنانەی خواستیان هەیە لەگەڵ ئێمە حکومەت پێکبهێنن، دەبێت گەندەڵکارەکانیان رادەستی دادگە بکەن، حەشدی شەعبی لە کەسە سەرەڕۆکان و ناڕێکخراوەکان پاکبکەنەوە، گرووپە چەکدارەکان هەڵبوەشێننەە و چەکەکان بە ئاگاداری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رادەستی حەشدی شەعبی بکەن؛ هەروەها کۆتایی بە پەیوەندییە دەرەکییەکانیان بهێنن و نەبنە پاشکۆی هیچ وڵاتێکی دراوسێ و رۆڵەی عێراق لە شەڕە دەرەکییەکان بەدووربگرن”.
س:رووداو