حكوومهتی ههرێم به بڕی 47 ملیۆن دۆلار سێ پڕۆژە لە گەرمیان ئەنجام دەدات
سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی كوردستان رایگهیاند، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بە گوژمەی 47 ملیۆن دۆلار سێ پڕۆژەی گرنگ ئەنجام دەدرێن، كە مۆڵەتی دروستكردنیشیان پێ دراوە.
دكتۆر محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی كوردستان به مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاند: ئێمە وەكو دەستەی وەبەرھێنان بە سەرمایەی 47 ملیۆن دۆلار مۆڵەتی ئەنجامدانی پڕۆژەمان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان داوە، كە سێ پڕۆژەی گرنگن، ئەوانیش دروستكردنی كارگەیەكی شیش و دوو پڕۆژەی بازرگانین.
سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان گوتیشی، ئەو پڕۆژانە، كە لە ناوچەی گەرمیان جێبەجێ دەكرێن، گرنگیی زۆریان بۆ ناوچەكە دەبێت.
دەشڵێت: بەردەوام خەڵك سەردانمان دەكەن بۆ ئەوەی مۆڵەتیان بدەینێ بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە لە ھەموو بوارەكاندا، بۆیە بەردەوام پڕۆژەی نوێ لە ھەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن.