ديدارێك له‌نێوان ماڵباتی شەهیدانی گەلی ئەمه‌ریكا و كوردستان ئه‌نجام درا
وەزارەتی پێشمەرگەى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌لێ، سەربەست لەزگین بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی عەمید روكن هەژار عومەر راوێژكاری وەزارەت، پێشوازیان لە ژمارەیەك ماڵباتی شەهیدانی هەردوو گەلی ئەمه‌ریكا و كوردستان لە شاری هەولێر كرد.
له راگه‌يێندراوێكدا كه ئه‌مرۆ يه‌كشه‌ممه بڵاويكردۆته‌وه وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، وەك هێمایەك بۆ پێكەوە قوربانیدانی هەردوو گەلی كورد و ئه‌مه‌ریكا لە جەنگی تیرۆردا، ژمارەیەك ماڵباتی شەهیدی هەردوو گەلی ئه‌مه‌ریكا و كوردستان، كە رۆڵەكانیان لە پێناو مرۆڤایەتیدا گیانی خۆیان بەختكردووە، له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه پێشوازی كران.
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه راشیگه‌یاندووه، بریكاری وەزارەت بەناوی شەهیدانی گەلی كوردستان سڵاوی بۆ شەهیدانی ئەمەریكا نارد، ئەو رۆژەی بە گرنگ و پڕ بایەخ زانی، كە هەردوولا لە قوربانیدانی یەكتر تێدەگەن، گەلی ئەمه‌ریكا و گەلی كوردستان خاوەن یەك ئامانجن، ئەویش پاراستنی مرۆڤایەتیە، لە رێگەی دژایەتی و بنبڕكردنی تیرۆر لە جیهاندا، كه ئامانجێكی زۆر گرنگ و مەزنە.
ئاماژه‌به‌وه‌شكراوه،” لە دیدارەکەدا، سەرۆكی رێكخراوی پڕۆگرامی هاوكاری قوربانیانی ئەمەریكا TAPS، بە هەمان شێوە گوتەیەكی پێشكەشكرد و تێیدا، سوپاسی پێشوازی و میوانداری گەلی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگەی كرد، دواتر تیشكی خستە سەر ئەو ئامانجانەی، كە رێكخراوەكەیان لە پێناوی دامەزراوە، ئەویش لە یەک نزیك كردنەوەی خێزانی شەهیدان و تێگەیشتنە لە ئێش و ئازارەكانی ئەوانەی لە پێناو ئاشتی و ئازادی و دیموكراسیدا قوربانیان داوە.
له‌كۆتايى راگه‌يێندراوه‌كه‌يدا راگه‌ياندنى وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ده‌شلێت، ” هەریەكە لە بنەماڵەی شەهیدانی پێشمەرگە و قوربانیانی سوپای ئەمه‌ریكا بەیەكەوە گفتوگۆیەكی راشكاوانەیان ئه‌نجامدا، دواتر بەشێك لە خێزانەكانی سوپای ئەمەریكا ژیاننامە و ستۆری خۆیان پێشكەشكرد، ئەوەشیان دەرخست، كە هەردوو گەلی كوردستان و ئەمەریكا له قوربانیدان لەیەكتر دەچن.