برایەکی راکان جبووری بە نۆ مانگ زیندانیکردن حوکمی بۆ دەرچوو

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە لە دادگای لێکۆڵینەوەی کەرکووک برایەکی راکان جبووری بە نۆ مانگ زیندانیکردن حوکمی بۆ دەرچوو.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دادگاییەکە  رايگەیاند، “ئەمڕۆ لەسەر دۆسیەی گەندەڵی و پارە خواردن لە دیوانی پارێزگای کەرکووک، ستافێکی ئیدارەی پارێزگا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا کە لەنێویاندا کوڕ و برایەکی راکان جبووری و بەرپرسی بەشی پلاندانانی ئیدارەی پارێزگا هەبوون”.
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە، وەکو ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئاماژەی پێدا، “هەریەک لە عەلی سەعید جبووری، برای راکان جبووری پارێزگاری بەوەکالەت و قاسم ئیبراهیم، بەرپرسی بەشی پلاندانان لە ئیدارەی کەرکووک و ریاز ئەحمەد تاهیر و ئیبراهیم خەلیفە بەپێی ماددەی 331لە یاسای سزادانی عێراقی، هەریەکەیان بە نۆ مانگ زیندانیکردن حوکم دران و دەبێت نۆ مانگ لە زیندان بەسەرببەن”.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، “کوڕەکەی راکان و چەند کەسێکی دیکە بەبێ سزا لە دادگاییەکە دەرچوون”.
لە ماوەی رابردوودا هەریەک لە راکان جبووری و براکەی و کوڕەکەی و بەشێک لە بەرپرسانی نێو دیوانی پارێزگا بانگهێشتی دادگا کران بۆ لێکۆڵینەوە، بەڵام لە تەواوی دادگاییەکان بەبێ سزا دەردەچوون.
س: رووداو
Back to top button