بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بابه‌تی خۆپیشاندانه‌كان و ده‌رماڵه‌ی قوتابیانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كان تاووتوێ ده‌كات

 

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتی مه‌سرور بارزانی کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ له‌باره‌ی 5 پرسی گرنگه‌وه‌ ده‌كات.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌:

ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢١/١١/٢٤ زایینی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:

یەکەم: خستنەڕووی دوو بابەت لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران:

– پوختەی بەشداریی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە لوتکەی کۆڕبەندی (دایەلۆگی مەنامە ٢٠٢١) کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە مەنامەی پایتەختی بەحرێن سازدرابوو.

– پێشهاتە سیاسیەکانی دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵ و پەیامی هەرێمی کوردستان بۆ هێزە سیاسییەکان بۆ دایەلۆگی هێمنانە لە بەرژەوەندی گشتیی ووڵات، دوور لە توندوتیژى و کەوتنەوەى قوربانى.

دووەم: بابەتى خۆپیشاندانەکانی فێرخوازانی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنی دەرماڵەکانیان، و دوا پێشهات و لێکەوتەکانی ئەو خۆپێشاندانانە و ئەرکی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەم بارەیەوە.

سێیەم: خستنەڕووی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە بارودۆخی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان له سنوورەکانی بیلاڕوسا – پۆڵەندا و گەڕانەوەیان بۆ ناو خاکی هەرێم.

چوارەم: میوانداریکردنی عەبدولڕەحمان سەدیق سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بۆ خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی گشتگیر لەسەر بواری ژینگە لە هەرێمی کوردستان، و دەنگدان لەسەر پەیڕەوی تایبەت بە كۆنتڕۆلکردنی مەواد و کەرەستەکانی کاریگەر لەسەر چینی ئۆزۆن.

پێنجەم: خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەسەر بابەتی دەستی کاری بیانی لە هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی جێگرتنەوەیان بە دەستی کاری خۆماڵی، و پەرەپێدانی ناوەندەکانی وەزارەت لە بواری ڕاهێنانی پیشەیی، و هەوڵەکانی وەزارەتیان لە بواری گەڵاڵەکردنی دوا ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای نوێی کار و پڕۆژە یاسای نوێی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بارودۆ خی چاکسازییەکان لە هەرێمی کوردستان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢١/١١/٢٤

Back to top button