مەسرور بارزانی: حکومەتی هەرێم کار دەکات لەپێناو رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار کە ئافرەتان تێیدا پارێزراو بن
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پهیامێكى بە بۆنەی ڕۆژی جیھانیی نەھێشتنی توندوتیژیی دژی ئافرەتان بڵاو كردهوه.
ئهمڕۆ پێنجشهممه، مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پهیامێكى بە بۆنەی ڕۆژی جیھانیی نەھێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان بڵاو كردهوه، تێیدا هاتووه: “لە ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و دەستپێکردنی ھەڵمەتێکی 16 ڕۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان، پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە درێژەدان بە پشتیوانیکردنی مافەکانی ئافرەتان و نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەکی ڕەگەزی و نەهێشتنی توندوتیژی بە گشتی و توندوتیژیی دژی ئافرەتان بەتایبەتی، دووپات دەکەینەوە.
مهسرور بارزانى ههروهها دهڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کار دەکات لەپێناو ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار کە ئافرەتان تێیدا پارێزراو بن و گەشە بکەن، بەشێوەیەک بتوانن بە لێهاتوویی خۆیانەوە وەک بکەرێکی سەرەکی لە کۆی کایەکانی کۆمەڵگای کوردستاندا بەشدار بن، حکوومەتی هەرێمى كوردستان پابەندە بە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان و بەهێزکردنی پێگەیان لەناو حکوومەت و کۆمەڵگە و پەرەپێدانی کولتووری ڕێزگرتن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی توندوتیژی و هەموو جیاکارییەک لەسەر بنەمای ڕەگەز.
سهرۆكى حكوومهتى ههرێمى كوردستان داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە تایبەت دامەزراوە پەروەردەییەکانی ناو حکوومەت و دەرەوەی حکوومەت، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە ئایینییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات: “هاوکار و یارمەتیدەریی حکوومەت بن و رۆڵی گرنگی خۆیان لە برەودان بە کولتوری لێبوردەیی و هۆشیاری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی توندوتیژی و دیاردە کۆمەڵایەتییە نەشیاوەکان بگێڕن، چونکە ڕووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی توندوتیژی، ئەرکی هەموو کۆمەڵگەیە و پێویستە هەموومان کار بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردە ناشارستانییە بکەین.
مهسرور بارزانى ئومێدەواره هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی هەموولایەک، نموونەیەکی گەشی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژییەک بێت، بە تایبەت توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر.