حكومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی پەسندكرد
خواكوڕك
دوای پەسەند كردنی بودجەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكیاەتی لە لایەن حكومەتی هەرێم، ئەندامێكی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش دەڵێت، دەبێ رۆژی 6-11-2017 هەڵبژاردن بكرێت.
د. جووتیار عادل، ئەندامی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند “ئەمڕۆ حكومەت بە فەرمی رەزامەندی لەسەر بودجەی هەر دوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەربڕیوە، كە زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلارە”.
جووتیار عادل گوتیشی “بەپێی ئامادەكارییەكانی ئێمە لە رۆژی 6-11-2017 هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامدەدرێت، چونکە پەرلەمانی کوردستان لەم رۆژە خولەکەی کۆتایی پێدێت و رۆژی 6ی ئەیلوولی ئەمساڵ دوایین وادەیە لەبەردەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان، کە بە مەرسوومێك داوا لە كۆمسیۆن بكات، دەتوانێت زووتریش داوامان لێبكات. ئێمە ئێستا لە قۆناخی پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران و دروستكردنی سەنتەری كۆكردنەوەی دەنگەكان و راگەیاندنی ئەنجامەكانین و زۆربەی ئیشوكارەكان تەواو بوون”.
ئەندامەکەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ئاماژە بەوە دەكات، هەر گۆڕانكاری و هەموارێك لە یاسای هەڵبژاردن لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بكرێت، دەبێ زوو بکرێت، چونكە كاریگەری لەسەر فۆڕمی دەنگدان و زۆر بواری دیكە دەبێت و دەڵێت “ئەگەر زوو دەستكاری یاساكە نەكەن، ئێمە لەسەر یاسا كۆنەكە هەڵبژاردن ئەنجام دەدەین، كە بە سیستەمی نیمچەكراوەی یەك بازنەییە”.
شایەنی باسە، بەپێی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، دەبێت هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە یەك كاتدا ئەنجامبدرێن.