سەرۆک بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکات

سەرۆك مەسعود بارزانی، ئهمڕۆ شەممە (27ی تشرینی دووەم/ نۆڤهمبهری 2021) لە سەلاحەددین پێشوازی لە جێنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە دواین پێشھاتە سیاسیەکانی عێراق و ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئۆکتۆبەری رابردوو تاووتوێ کران.
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا پەیوەست بە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، سەرۆک بارزانی وێڕای سوپاسگوزاری بۆ ھەوڵەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پاڵپشتی ھەڵبژاردن، جەختی لەوە کردەوە، کە ھەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری رابردووی عێراق ھەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو و پاک بووە.
ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەو دەرئەنجامە بەراییانەی لەلایەن کۆمسیۆنەوە راگەیەندراوە، دەرخەری واقیعی سیاسیی عێراق و ویست و ئیرادەی ھاووڵاتیانە، ئاماژهی بهوهش كرد، پێدەچێت ھەوڵێک ھەبێت بۆ دەستکاریکردنی ئەو دەرئەنجامانەی کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە راگەیەندراون و بە دڵنیاییشەوە ھەر جۆرە دەستکارییەک گرفتی لێ دەکەوێتەوە و کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە.
