مهسرور بارزانى: ههواڵی شههیدبوونی ژمارەیەک پێشمهرگەی قارهمان زۆر خهمباری كردم
دوای شەهیدبوونی پێنج پێشمەرگە لە كوڵەجۆ، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، چەندان جار هۆشداریمان داوە لەبارەی مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش.
ئەمڕۆ یەكشەممە 28ـی تشرینی دووەم، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێك بڵاو كردەوە و ڕای گەیاند، هەواڵی شەهیدبوونی ژمارەیەك پێشمەرگەی قارەمان لە شەوی ڕابردوو لە سنووری كوڵەجۆ، كە لەكاتی بەهاناوەچوونیی هاوسەنگەرەكانیان شەهید بوون، زۆر خەمباری كردم، هاوخەمی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و كەسوكاریان دەكەم، داواكارم لە خودای مەزن گیانیان بە بەهەشت شاد بكات و هیوای زوو چاكبوونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازم.
سەرۆكی حكوومەت دەڵێت، ئێمە چەندان جار هۆشداریمان داوە لەبارەی مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش و خۆڕێكخستنەوەیان، بە تایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدرارەی هەرێم، كە سوودیان لەو بۆشاییە تەناهییەی لەو ناوچانە هەیە وەرگرتووە و بوونەتە مەترسییەكی رژد بۆ سەر ئاسایش و دانیشتووانی ناوچەكە.
مەسرور بارزانی باسی لەوەش كردووە، پێویستە پەلە بكرێت لە كاراتركردنی سەنتەرەكانی تەناهیی هاوبەش لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بە هاوئاهەنگی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێوەدەوڵەتی دژ بە داعش، بۆ ئەوەی بۆشایی تەناهیی لەو ناوچانە پڕ بكرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی پێشمەرگەمان ڕاسپاردووە كە ئامادەكاری زیاتر بكەن، ڕێكاری پێویست بگرنەبەر بۆ سنوورداركردن و نەهێشتنی هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش و ڕێگریكردن لە زیانگەیاندن بە هێزەكانی پیشمەرگە و خەڵكی ناوچەكە.