زیاتر لە 20 تۆن زێر له دەستی لاهوور دەرهێندرا
هێزێكی سەر بە پافێل تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هەڵیان كووتاوەتە سەر هوتێل لالەزار كە شوێنی نیشتەجێ بوونی لاهوور جەنگییە و دەستیان بەسەر 24 تۆن زێر و 200 مليۆن دۆلارى كاش داگرتووە.
سەرچاوەیەك لە دەباشانەوە رايگهياندووه: ” دوای لێكۆڵینەوە كردن لەسەر ئەو زانیارییانەی دەگەیشتنە لای ئێمە لە بارەی بازرگانی نایاسی بەزێر كە لەلایەن لاهوور و چەند كەسێكی دیكەوە دەكرا، دڵنیا بووینەوە لەوەی ئەم هەواڵە زۆر راستە و بڕێكی زۆری زێر لە هوتێل لالە زار هەیە كە بەناوی یەكێتییەوە بازرگانی پێوە كراوە، بۆیە بە مافی یەكێتی دەزانین و بڕیارماندا بە هێزەوە بچینە ئەو شوێنە، دوای پشكنین توانیمان دەست بەسەر سەدان قاڵبی زێڕدا بگرین، كە مەزەندە دەكرێت بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار بێ و 24 تۆن زێڕ دهبێت لهگهڵ 200 مليۆن دۆلارى كاش “.
ئەم سەرچاوەیە كه بۆ زارى كرمانجى قسهى كردووه ههروهها گوتووشيهتى:” زێرەكان بۆیە لە هۆتێڵ لالەزاری گردەكەی سەرچناری سلێمانی شاردرابوویەوە تا لاهوور جەنگی بورهان و براكانی بیبەنە دەرەوەی وڵات، هێزەكانی ئێمە بە نێوانگیریی چەند سەركردەی دیاری یەكێتی، توانیویانە ئەو زێڕە لە ژێر چنگی لاهوور و براكانی دەربهێنن”.
تا ئێستا چارەنووسی ئەو 24 تۆن زێڕە رانەگەیەندراوە، كە دەگەڕێندرێتەوە بۆ گەنجینەی حكوومەت یا دەبێتە موڵكی یەكێتی یا خەڵكی تر دەستی بەسەردا دەگرن.
پێشتر لاهوور جەنگی بورهان و براكانی، بە قاچاخچێتیی زێڕ لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی كەنداوی عەرەبی ناویان دەركردبوو، ئەمەش وێڕای كاری قاچاخچێتی لە سنوورەكان و دەستگرتن بەسەر كاری بازرگانیی سلێمانی و مۆنۆپۆڵكردنی سەرچاوەكانی داهات لەو شارە.