ساسان عەونی: بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەت ساڵانە بڕی 900 ملیۆن دینار بۆ شوێنەوار تەرخان دەكرێت

ساسان عەونی: سەرەڕای قەیرانی دارایی بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەت ساڵانە بڕی 900 ملیۆن دینار بۆ شوێنەوار تەرخان دەكرێت و داهاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش لە كۆنفرانسی داهاتدا بڕیاری دا ڕێژەی 1%ی داهاتی شارەوانییەكان بۆ شوێنەوار و كەلەپوور خەرج بكرێت.
.
ئەمڕۆ دووشەممە 29/11/2021 لە شاری هەولێر بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دووەمین كۆنفرانسی زانستیی شوێنەوار و كەلەپوور لەژێر ناوی “پاراستن و پەرەپێدانی شوێنەوار و كەلەپوور لە هەرێمی كوردستان” بەڕێوە چوو، كە لە كۆنفرانسەكەدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و ڕاوێژكاری جێگری سەرۆكی حكوومەت و بریكاری وەزارەتی ئەوقاف و سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران و سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار و نوێنەرانی هەردوو بەڕێوەبەرایەتییەكانی فڕۆكەخانە و هاتوچۆی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و پەروەردە و ڕاوێژكار و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتییەكانی شوێنەوار لە سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان و شوێنەوارناسانی كوردستان بەشداربوون.

ساسان عەونی لەمیانەی كۆنفرانسەكەدا وتارێكی پێشكەش كرد و لە بەشێكی قسەكانیدا جەختی كردەوە شوێنەوار و كەلەپوور لە ئەجێندای حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا پێگەیەكی تایبەتی هەیە، كە وەك شوناس و ناسنامەی نیشتمانی و وەك مێژوو و ڕابردوومان بە قووڵایی هەزاران ساڵ ڕەگوڕیشەی لەسەر خاكەكی خۆیدا هەیە. هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد كە هەر لەم ڕوانگەیەوە حكوومەتی هەرێم و جەنابی سەرۆكی حكوومەت كاك مەسرور بارزانی بە گرنگییەوە لەو ڕۆڵ و ئەركە دەڕوانن كە شوێنەوار هەیەتی، بۆیە سەرەڕای قەیرانی دارایی بە بڕیاری جەنابی سەرۆكی حكوومەت ساڵانە بڕی 900 ملیۆن دینار بۆ ئەو سێكتەرە تەرخان دەكرێت و كۆنفرانسی داهاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش بڕیاری دا كە ڕێژەی 1%ی داهاتی شارەوانییەكان بۆ شوێنەوار و كەلەپوور خەرج بكرێت.

لەبارەی هەنگاو و كارەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش بۆ پەرەپێدانی ئەو سێكتەرە، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە كرد:”  ئێستا لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا بەڕێوەبەرایەتییەكانی شوێنەوار بە هاوكاریی تیمی زانكۆ ناوخۆیی و جیهانییەكان و شوێنەوارناسانی كوردستان، كاری كنە و پشكنین لە دەیان پێگەی شوێنەواریدا دەكەن كە چەند ڕۆژێك پێش ئێستا تەنیا لە سنووری پارێزگەی هەولێر بە هاوكاریی زانكۆی هارڤاردی ئەمەریكی زیاتر لە 750 شوێنی شوێنەواری تۆمار كراون. لەبارەی گرنگیی شوێنەواریش، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دووپاتی كردەوە كە شوێنەوار بوارێكی فراوانە بۆ دروستكردنی پردی دۆستایەتی و هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆ ناوخۆیی و جیهانییەكان، دەیان شوێنی گرنگی شوێنەواری دۆزرانەوە و كاری هەڵكۆڵینیان تێدا ئەنجام دەدرێت كە لە داهاتوودا دەتواندرێت ئەم شوێنانە ببنە ڕووگەی سەردانیكەران لە هەموو سووچێكی دونیاوە.

سه‌باره‌ت به‌ ئامانجی كۆنفرانسەكەش گوتی: ئامانجمانە لەم كۆنفرانسەدا تەوەر و بابەتە گرنگە زانستی و یاساییەكانی ئەجێندای كۆنفرانسەكە هەموویان بەیەكەوە ڕۆڵیان لە پاراستن و پەرەپێدان و پێشخستنی شوێنەوار و كەلەپووردا هەبێت. بۆیە جەخت دەكەینەوە كە ناساندنی شارستانییەت و مێژووی دێرینی كوردستان لە ڕێگەی شوێنەوار و كەلەپووردا ئەركێكی لەپێشینەیە، لەبارەی كەلەپووریشەوە ئاماژەی بە گرنگییەكەی كرد وەك تەواوكەری شوێنەوار لە كوردستان كەلەپوورێكی دێرین و دەوڵەمەندمان هەیە و وەك سەرمایەیەكی نەتەوەیی و هانی كەرتی تایبەت و هەوڵە كەسییەكان و دامەزراوە حكوومەتییەكان دەدەین كە بایەخێكی زۆرتر بە مۆزەخانە و پارچە و خانووە كەلەپوورییەكان بدەن، لەلایەكی ترەوە هەوڵ دەدەین كەرتی شوێنەوار لەگەڵ گەشتوگوزار بكەینە سەرچاوەیەكی دیاری ناساندنی كولتوور و بەدیارخستنی ناسنامەمان.

پاشان وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ناوەڕۆك و ئامانجی كۆنفرانسەكەی بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندن خستە ڕوو و جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی شوێنەوار و كەلەپوور لە هەرێمی كوردستان كردەوە.

Back to top button