له‌ رۆژئاوای كوردستان هه‌ڵمه‌تی هێنانه‌ خواره‌وه‌ی ئاڵای كوردستان ده‌ستی پێكرد

خواكوڕك

دوای ئه‌و ده‌ستدرێژی و رێگریانه‌ی هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ شه‌نگال دژی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامیاندا، ماوه‌ی پێنج رۆژه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان گرتنی ئه‌ندام و كادیرانی لایه‌نه‌سیاسیه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی په‌كه‌كه‌ و سوتاندن و وێرانكردنی باره‌گاكان ده‌ستی پێكردووه‌، له‌ ئێواره‌ی دوێنێشه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تی هێنانه‌ خواره‌وه‌ی ئاڵای كوردستان ده‌ستی پێكردووه‌.

به‌پێی سه‌رچاوه‌كانی زانیاری له‌ نێو په‌ده‌كه‌سێ، له‌ دوێنێوه‌ هێزه‌كانی په‌یه‌ده‌ی سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌ هه‌ڵمه‌تێكیان له‌ زۆربه‌ی شاره‌كانی رۆژئاوای كوردستان ده‌ستی پێكردووه‌، هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ سه‌رجه‌م هاوڵاتیان كردووه‌ كه‌ هه‌ڵكردنی ئه‌و ئاڵایه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه‌ و سزا و گرتنی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ و نابێ جارێكی تر ئاڵاكه‌ هه‌ڵبكه‌ن.

له‌لایه‌كیتر دوو ئه‌ندامی په‌ده‌كه‌سه‌ كه‌ بران به‌ناوه‌كانی سیداد و سامان سه‌ید مه‌جید محه‌مه‌د، له‌ شارۆكه‌ی گركێ له‌كێ له‌كاتی چوونیان بۆ شاری دێرك، له‌لایه‌ن چه‌كدارانی په‌یه‌ده‌وه‌ ڕفێنراون و تا ئێسته‌ش هیچ چاره‌نووسێكیان دیار نییه‌ و نازانرێ له‌ كوێن و چییان به‌سه‌ر هاتووه‌.

Back to top button