بۆ چارەسەری کێشەی زەویوزاری کریستیانەکان لێژنەیەک پێک هێندرا

ئەمڕۆ، سێشەممە 2021.11.30، بەسەرپەرشتى ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونى وەزیرانى شارەوانى و گەشت و گوزار و وەزیرى داد و گواستنەوە و گەیاندن و پارێزگارى هەولێر و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون سەرپەرشتیاری ئیداری سۆران بەڕێوەبەری ناحیەی عەنکاوا، سەبارەت بە کێشەی زەویوزاری پێکهاتەی کریستیان لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا .

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى دواى ته‌واو بوونى كۆبوونه‌وه‌كه‌ ڕایگەیاند: ”ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە زەویوزاری خوشک و برا کریستیانەکان لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قەزا و ناحیەکانی پەیوەست بەو بابەتەوە کۆ بووەوە و بە ئامەدەبوونی چەند وەزیرێک کە پەیوەستن بە بڕیاری 83 تەئکید کرایەوە کە پێویستە بڕیارەکە وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت و پێداچوونەوەمان بە هەنگاوەکانی بڕیارەکەدا کرد”.

وەزیری ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان راشيگه‌ياند:” لە سنووری قەزای عەنکاوە هەنگاوی باش نراوە، سکاڵای ئەو خەڵکەی کە سکاڵایان هەبووە لە کاتی خۆیدا تۆمار کراوە و جۆری سکاڵاکان پۆلێن کراون، لە کۆبوونەوەکەشدا بڕیارمان دا کە لیژنەیەک پێک بێنین لە وەزارەتی کشتوکاڵ، وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتی داد و فەرمانگەی بەدواداچوونی ئەنجوومەنی وەزیران بە هەماهەنگی لەگەڵ قەزای عەنکاوە لە ڕێگای پارێزگاری هەولێرەوە، بۆ ئەوەی لیژنەکە جارێکی دیکە ئەو سکاڵایانە بە شێوەیەکی باشتر پۆلێن بکاتەوە، تاکوو ئەوەی لە دەسەڵاتی پارێزگا و قەزایە چارەسەری بکەن و ئەوی دیکە بگەڕێننەوە بۆ لیژنەی باڵا لە ئاستی وەزارەت و ئەگەر لەوێش پێویست بکات پێشنیار دەکرێت بۆ ئەنجوومەنی وەزیران”.

ڕێبەر ئەحمەد ، گوتيشى: ”یەکێک لەو بڕیارانەی لەسەری وەستاین جێبەجێکردنی یاسای ژمارەی پێنجی ساڵی 2015 بەتایبەتی ماددەی سێ لە بڕگەی چوار و پێنج بوو کە ئەو ماددەیە تەئکید لەوە دەکاتەوە، یەکەم، زێدەڕۆیی سەر زەویی پێکهاتەکان لاببرێت و دووەم، ناکرێت لەمەوپاش مافی بەکارهێنان بدرێت بە خەڵکێک کە لە خودی پێکهاتەکە نەبێت، بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتی داد بۆ چارەسەری ئەم بابەتە ڕاسپێردرا تاکوو گشتاندنێک بداتە بەڕێوەبەرایەتییەکانی داواکاری گشتی و دەزگاکانی جێبەجێکار، هاوکات هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەری دەکرێت و پێشنیارێک دەدرێتە ئەنجوومەنی دادوەری و دواتر کۆبوونەوەیەکیش لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەکرێت بۆ ئەوەی ئەوانیش بێنە سەر هێڵ و ئەو بەشەی پەیوەندیی بە دادگاکانەوە جێبەجێی بکەن”.

وەزیری ناوخۆ گوتیشی: ”داوا لە مەسیحییەکان ده‌كه‌ين کە زیاتر لە جاران بەتەنگ ئەم بابەتەوە بن و مڵک و ماڵی خۆیان نەفرۆشنە خەڵکێکی لە پێکهاتەی کریستیان نەبێت و جەختی لەوەش کردەوە کە ”مەبەستەکە گۆڕینی دیموگرافی نییە، بەڵکوو تەنیا مامەڵەیەکی بازرگانی و بەرژەوەندیی کەسییە و ئەو بۆشاییەی کە هەبوو لە ڕێگەی وەزارەتی داد و ئەنجوومەنی دادوەرییەوە ڕێک دەخرێت”.
ڕێبەر ئەحمەد زياتر گوتى: ”لە هەرێمی کوردستان هیچ شتێک بە ناوی کیشەی زەویوزار لە نێوان پێکهاتەکاندا نییە و ئەوەی هەیە مامەڵەیەکی بازرگانی و بەرژەوەندیی کەسییە و ئێمە شانازی بە پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین”.

ڕێبەر ئەحمەد گوتیشی: ”جەنابی کاک مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر جددیە لەوەی کە بڕیاری یاری 83 وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت و ناکرێت کەسانێک سوود لە بۆشایی یاسایی وەبگرن و ئێمە لایەنە یاساییەکانمان ڕاسپاردوو کە بۆشاییەکان پڕ بکەنەوە”.

وەزیری ناوخۆ له‌ كۆتايى كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانييه‌كه‌يدا گوتى: ”هەموو پێکهاتەکان خەڵکی رەسەنی هەرێمی کوردستان و خاوەنی زەویوزارن و هیچ جیاوازییەک لە نێوان پێکهاتەکاندا نییە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی کێشەکانیانە”.

Back to top button