هێڤیدار ئەحمەد: قوباد تاڵەبانی بە تیمی پارتی گوتووە لە سلێمانی داهات کۆناکرێتەوە

هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رايگەیاند، داهات لە پارێزگای سلێمانی کۆناکرێتەوە بۆیە مووچە بە سستی دابەش دەکرێت. قوباد تاڵەبانیش ئەوەی بە تیمی پارتی لە حکومەت گوتووە. دەشڵێت، جگە لەوەی پارەی مووچە لە سلێمانی “بزردەبێت”، پارەی پرۆژەی شەقامی 100 مەتریش “دیارنەماوە.”
پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە سستی بەڕێوەدەچێت، گوتەبێژی حکومەتیش ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی ئەوەوەیە داهاتی پارێزگاکان وەکو یەک کۆناکرێنەوە.
هێڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتاری کوردستان باسی هەمان هۆکاری کرد و گوتی داهات لە سلێمانی کەمیکردووە و کۆشناکرێتەوە بۆ ئەوەش پشتی بە دوو نموونە بەست کە بە گوتەی خۆی قوباد تاڵەبانی بە وەزیرەکان و تیمی پارتی لە حکومەت گوتووە کە “بەخوا پارە لە سلێمانی کۆناکرێتەوە. وەزیری داراییش پێی گوتووین، هەر باوەڕیان بەوە نییە پارە کۆبکەنەوە.”
ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان کە هاوکات جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانە دەڵێت، “جگە لەوەی پارەی مووچە نییە و بزردەبێت، پارەی پرۆژەکانیش دیارنین، پارەکە خەرجکراوە، کوا تەمویلەکەی، حەزدەکەم لەگەڵ خەزێنەی سلێمانی قسە بکەم، کوا پارەی ئەو کۆمپانیایەی کە جێبەجێی دەکات، لەکوێیە و بۆچی پێیان نادرێت؟”
لەبارەی ئەو داهاتانەی کە لەڕێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە بۆ سلێمانی دەچن، هێڤیدار ئەحمەد قسەیەکی تیمی یەکێتی لە حکومەت باس ده‌كات و گوتی، “تیمی یەکێتی لەنێو حکومەت بە حکومەتی هەرێمی کوردستانی گوتووە کارەکە قاچاخە، ئەو شتەی کە دەهێندرێت قەدەخەیە و بە قاچاخ دەیهێنین، ئێ پارەکەی بۆ حکومەت نییە، هەر نابێت داخڵ بێت، کە داخڵ نەبێت پارەکە بۆ حکومەت نییە، با ئێمە بۆخۆمان بە قاچاخ داخڵی بکەین و بیبەین، ئێوە عیلاقەتان چییە؟”
هێڤیدار ئەحمەد کە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، “بەرپرسم لەو قسانەم.” ئەو نموونەیەکی لەبارەی بەقاچاخ هێنانی هێلکە لە دەروازە سنوورییەکانی سنووری سلێمانی باسکرد و گوتی، “زاخۆ کە لەتەنیشت ئیبراهیم خەلیلە، رەوایە هێلکەی قاچاخ لە سلێمانییەوە داخڵ ببێت و لە گومرگی ئیبراهیم خەلیل بفرۆشرێت؟ ئەمە لە کوێی زەویدا هەبووە؟”
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی باسی مووچەخۆری بندیواری کرد، ئەو مووچەخۆرەی کە کارێکی فەرمی نییە، بەڵام مووچە لە حکومەت وەردەگرێت.   “مووچەخۆر زۆرترین لەسلێمانیە، زۆرترین هێزی عەسکەری و پلەدار لەوێن.” هاوکات داوای لە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی کرد کە هەوڵی زیاتر بدات بۆ کۆکردنەوەی داهاتی پارێزگاکە گوتی، “بۆ حکومەتی مەگێڕەوە بۆ خەڵکەکەی خەرجبکەن و بیکەنە پرۆژە.”

هێڤیدار ئەحمەد كه‌ بۆ رووداو ئه‌و قسانه‌ى كردووه‌،ئەوەشی گوتووه‌ کە ئەو داهاتەی لە سلێمانی کۆدەکرێتەوە “رێژەیەکی زۆر کەمە” و زۆربەی نایاتەوە خەزێنەی حکومەت، ئەوەش “کاتێکیش ئەو داهاتە نەیاتەوە خەزێنەی حکومەت، یان ئیدارەی سلێمانی زۆر لاوازە، یان بەمەبەستە یان ئەوەی دەیانەوێت خەڵکی ئازار بدەن.”

گومرگی ئیبراهیم خەلیل لە پارێزگای دهۆک بەپێی ئەو داتایانەی هێڤیدار ئەحمەد خستنییەته ڕوو، “زۆرترین داهاتی هەیە و ٪49ـە، بەڵام لە گومرگەکانی دیکە رۆژ بە رۆژ کەمدەکات.” گوتیشی کە بە بەڵگە و ڤیدیۆ قسە دەکات، “بازرگانەکان کە لە سلێمانییەوە رێگەپێدراون بە قاچاخ کەلوپەل بهێننە هەرێمی کوردستان، مریشکی بەستووی تورکی و بەرازیلی کە خراپن و کوالێتییان زۆر کەمە لە سلێمانییەوە بۆ بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانی داخڵ دەکەن.”

Back to top button