ساسان عەونی: وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدان بە كاری پێویست هەڵدەستێت

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و كەمئەندامانی سەنگەر، دەڵێ دابەشكردنی زەوی بە گوێرەی لیستێكی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراونەوە دەبێت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش بەكاری پێویست هەڵدەستێت، لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی خزمەتگوزاریش لە كەرتی 8ی حەسارۆك، ئاماژە بەوە دەكات ئێستا كاركردن تێیدا بەردەوامە، نەخشەی ئاوڕۆی بۆ داڕێژراوە و بەمزووانە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوەوە.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لەمیانەی بەڕێوەچوونی كۆنفرانسی پاراستن و پەرەپێدانی شوێنەوار و كەلەپوور كە دوێنێ دووشەممە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی خزمەتگوزاری لە كەرتی 8ی حەسارۆكی هەولێر ڕایگەیاند: ئێستا كاركردن لەو كەرتەدا بەردەوامە و لە قۆناغی دووەمی جێبەجێكردنی پلانی گەیاندنی خزمەتگوزاریدایە بۆ 8ی حەسارۆك، هەروەها گوتیشی: ئێستا نەخشەی ئاوەڕۆ بۆی داڕێژراوە و خەریكە دەچێتە بواری جێبەجێكردن، وێرای ئەوە سەرەبلۆكەكانیش دادەنرێن بۆ ئەوەی پێدانی مۆڵەتی دروستكردنی خانووبەرە جێبەجێ بكرێت.
هەر لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا سەبارەت بە دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و كەمئەندامانی سەنگەر، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە كرد دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و كەمئەندامانی سەنگەر بە گوێرەی لیستێك دەبێت كە لەلایەن وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی كوردستانەوە لە هەموو پارێزگا و شار و شارۆچكەكان ئامادە كراوە و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش بۆ دابەشكردنی زەوی بە كاری پێویست هەڵدەستێت.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار
Back to top button