مەسرور بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا و جێگری وەزیری دەرەوە دەکات

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە پێشوازی لە شاندێکی باڵای ڕووسی بە سەرۆکایەتیی میخائیل بەگدانۆڤ نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا و جێگری وەزیری دەرەوە کرد.

لە دیدارەکەدا دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیا تاوتوێ کرا.

نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا و جێگری وەزیری دەرەوە، سڵاو و ڕێزی سەرکردایەتیی ڕووسیای بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و ئاماژەی بە ڕۆڵی دیاری سەرۆک مەسعود بارزانی کرد کە ڕووسیا وەک پێشەوای نەتەوەیی کورد دەیبینێت، ھەروەھا باسی لە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی دۆستانە و مێژوویی وڵاتەکەی لە گەڵ هەرێم کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە بیروبۆچوونەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی و ناوچەکە لە بەرچاو بگیرێت.

سەرۆکی حکوومەت ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕووسیا لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی، بەتایبەتی فراوانکردنی دەرفەتەکانی هاریکاری و هەماهەنگیی بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هەردوولان.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە بارودۆخی سووریا و پرسی کورد لە ناوچەکەدا کرا، هەروەها سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرنگیی هەبوونی نەخشەڕێگەیەکی سیاسیی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سووریا کردەوە کە دووربێت لە تاکڕەوی و خۆسەپێنی و نوێنەرایەتیی هەموو لایەنە کوردییەکانی سوریا بکات.

Back to top button